لە سنووری پارێزگای سلێمانی
لە 100 رۆژدا 57 کەس لەسەر راوە ماسی دەستگیرکراون
964+
پێشەوا محەمەد
لە ماوەی قەدەغەی راوە ماسیدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 57 راوچی دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر 816 کەلوپەلی جیاوازی راودا گیراوە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ وەرزی قەدەغەدەکردنی راوەماسی کۆتایی دێت.
لەو ژمارەیە پێنجیان ئۆتۆمبێل بوون، 556یان تۆڕی قەبارە جیاواز بوون، نزیکەی 100یان قولاپ و دەمە قولاپ بوون و سێ چەکی کڵاشینکۆفیش هەبووە بە 47 فیشەک و دوو مەغزەنەوە.
قەدەغەکردنی راوی ماسی لە 5.3.2023 راگەیەندراو ئەمڕۆ پێنجشەممە 15.6.2023 کۆتایی پێدێت.
بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، کە دەست 964 کەوتووە، لەو ماوەیەدا 200 ماسی قەبارە جیاواز راوکراون و “سەدان ماسی زیندووش خراونەتەوە ناو ئاوەوە”.
هەر بە پێی ئامارەکە، دەستبەسەر چوار پارچە TNT، ” دوو کەڵەک “بهلهمی سهرچوپ” و دوو شەداو “دهسته داو”گیراوە.
هەر لەو ماوەیەدا دوو ماتۆڕی بەلەم و 11 جۆر بەلەمی دیکە دەستیان بەسەرداگیراوە و 20 سەوڵیشیان لەگەڵ بووە.
پێنج لایت و بلاجکتۆر، 20 مەتر وایەر، یەک مۆلیدەی کارەبایی و 18 ماتۆڕسکیل لە کەرەستە دەستبەسەردا گیراوەکانی دیکەن.