یەکەمجارە لە مێژووی حکومەتەکانی عێراقدا روودەدات
عەلی زەیدی دەڵێت؛ لەبەرامبەر داخستنی دۆسیەیەکی گەندەڵی 200 ملیۆن دۆلاریان وەکو بەرتیل خستوەتە بەردەمی
فەرهاد حەسەن
لە هەنگاوێکی بێ وێنەدا لە مێژووی حکومەتەکانی عێراقدا، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە وەرگرتنی ئۆفەرێکی بەرتیل دهكات بۆ پەردەپۆشکردنی گەندەڵی ناو یەکێک لە گرنگترین وەزارەکانی کە ئەوەیش وەزارەتی نەوتە، زەیدی دهڵێت، “بریكاری وەزارەتی نەوت 200 ملیۆن دۆلار بەرتیلی خستوەتە بەردەمم لە بەرامبەر داخستنی دۆسییەكی گەندەڵی”.
ئەم زانیاریانە لە رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت بلاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لهمیانی دیدارێكدا لهگهڵ رۆژنامەنوسان و میدیاییەکاران رایگهیاندووه، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی نەوت، لە رێگەی نێوەندگیرێکەوە 200 ملیۆن دۆلاری پێشکەشکردوە، لەبەرامبەر داخستنی دۆسیەی گەندەڵی لەناو وەزارەتەکەدا.
زۆربەی ئەو رۆژنامەنوسانەی بەشدارییان لە کۆبونەوەکەدا کردوە، پێیانوایە زەیدی ئاماژەی بە بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و بریکاری وەزیری نەوت، عەدنان حەمەد حەمود کردوە، کە ئێوارەی رۆژی هەینی دەستگیرکرا.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی بڵاوکراوە کە لەلایەن نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەرچووە، حەمود لە سەرەتای مانگی ئایاردا لە پۆستەکەی دورخرابوەوە.
رۆژی یەکشەممە، سەرچاوە رۆژنامەوانیەکان رایانگەیاند، هێزێکی هەواڵگری بەڕێوەبەری دارایی پاڵاوگەکانی باکووری دەستگیرکردوە و سەرچاوەکانی دیکەش باسیان لە دەستگیرکردنی کارمەندێکی ئەمیندارێتی سهرۆك وهزیرانی پێشوی عێراق كردووه.
لێدوانەکانی سەرۆک وەزیران مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاستە گەندەڵییەی کە دەیان ساڵە وڵاتی گرتوهتەوە، تاوهكو ئەو رادەیەی کە دەکرێت بەرتیل پێشکەش بە بهرپرسانی باڵا بکرێت.
چالاکوانی سیاسی حەمەد سەید لە لێدوانێکدا دەڵێت، “کاتێک ئەو بریکارە گەندەڵە بەرتیلەکەی پێشکەش بە سەرۆک وەزیران کردووە، وەک کەسێک مامەڵەی نەدەکرد کە مەترسی بکات؛ بەڵکو خەریکی رەفتارێک بوو کە سەرکەوتوو بووە. کارەساتەکەش لەوێدایە”.
ئهوهشی خستووەتهڕوو “نابێت بپرسین: چۆن بوێری؟ بەڵکو پێویستە بپرسین: پێشتر چەندجار ئەمە روویداوە؟ چەند سەرۆک وەزیران بەرتیلیان پێشکەش کراوە و چەندیان قبوڵیان کردووە؟”.
پلاتفۆرمە جۆربەجۆرەکانی سۆشیال میدیا شایەتحاڵی شەپۆلێکی کۆمێنت بوون سەبارەت بە دەستگیرکردنی بریکاری وەزیری نەوت، زۆربەی ئەو تێبینیانە ئەوە دەردەخەن کە ئەو لە ژێر پاراستنی لایەن و کەسایەتییە کاریگەرەکاندا کاردەکات کە لە پشت پەردەوە قەڵغانیان بۆ کردووە، لە بەرامبەر وەرگرتنی پشکی شێری لەو پارەیەی کە لە گرێبەستەكاندا دهستی دهكهوێت.