ناگەڕێینەوە بۆ موەلیدە

بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی؛ کەمی کارەبا کاتییە و چارەدەبێ

ئەحمەد مستەفا

کێشەی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە سلێمانی تەواو کاتییە و لە چەند رۆژی داهاتوودا بارودۆخەکە بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە، ئەمە قسەی بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانییە.

ئەنوەر حەمەحسێن،ئەمڕۆ پێنجشەممە بە نوێنەری کەناڵەکانی میدیای وت، چەند رۆژێکە دۆخی کارەبای نیشتمانی وەک پێویست نییە و کاتژمێرەکانی کەمیکردووە، ئەوەش بەۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی خواست لەسەر کارەبا، کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، لەگەڵ دەستکردنەوە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەناردەکردنی بەشێک لە کارەبای زیادە بۆ پارێزگاکانی تری عێراق.

بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی لەبارەی کارکردنەوەی موەلیدەی گەڕەکەکان وتی، تاوەکو ئێستا چەمکی لابردنی یەکجاریی موەلیدەکان جێبەجێ نەکراوە و لە کاتی پێویستدا داوایان لێکراوە کار بکەن، بەڵام بە چەند هۆکارێک بەڕێوەبەرایەتییەکە کەمترین کێشەی لەسەر ئاستی هەرێم هەیە.

وە باسی کرد، ئاراستەی کارکردنی ئەوان بەرەو چاککردن و بەهێزکردنی ژێرخانی کارەبای نیشتمانییە و موەلیدەکان تەنیا وەک هاوکارێک دەمێننەوە، لەبارەی پڕۆژەی رووناکی وتی، قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری، بازیان، دەربەندیخان، شارەزوور، دوکان و پیرەمەگروون لە ئێستادا لە دەرەوەی پڕۆژەکەن و دۆخی وزە تێیاندا جێگیر نییە، بە جۆرێک ڕۆژانە نزیکەی ٧ کاتژمێر کارەبای نیشتمانییان هەیە.