دژبەران داوای لەسێدارەدانی عێراقچی دەکەن
لە ئێران خۆپیشاندان دژی رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا دەکرێت
شۆڕش قادری
“عێراقچی بێ غیرەت دەبێ لەسێدارە بدرێ”، ئەمە دروشمی دژبەرانی رێککەوتنە لەگەڵ ئەمریکا.
بەقسەی ترەمپ واشنتن و تاران رێککەوتوون، تا ئێستا ئێران بە فەرمی هیچی لەسەر ئەوە نەوتووە، بەڵام چەند شەو و رۆژێکە خۆپیشاندان دژی ئەو رێککەوتنە لە ئێران دەکرێت.
دژبەران دەڵێن، لە خوێنی رابەر و کەسوکاریان خۆش نابن، قالیباف و عێراقچیش بە “خیانەتکار” ناو دەبن، چونکە پێیانوایە ئەم رێککەوتنە دەستی ئەوانی لەپشتە.
درەنگانی شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تروس سۆشیال ئاشکرایکرد، رێککەوتنیان لەگەڵ ئێران بە تەواوی کۆتایی هاتووە و سەرکەوتوو بووە، ئەمڕۆش، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پێشوازی لە رێککەوتنەکە کرد و رایگەیاند، “هیوادارم هەموو لایەنەکان بە نیازپاکی کاربکەن بەرەو جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکە، بە ئامانجی بەهێزکردنی سەقامگیری ناوچەکە و ئاسایش و خۆشگوزەرانی”.