50% نرخەکەی گران کراوە
رانیە.. داوای هەرزانکردنی کرێی گواستنەوە دەکرێت
هەواڵ
مەجید بتوێنی – رانیە
پارساڵ بە مینی پاس بە دوو هەزار دینار لە رانیەوە دەچوویتە حاجیاوا و دەگەڕایتەوە، ئەمساڵ بووە بە سێ هەزار دینار، لە رانیەوە بۆ شوێنەکانی تریش نرخەکان تاوەکو 50% گران بووە.
لەسەر ئەو گرانبوونە، ژمارەیەک هاوڵاتی و چالاکوان داواکارییەکیان ئاڕاستەی قایمقامیەتی قەزای رانیە و بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە و گەیاندنی راپەڕین کردووە و تێیدا داوادەکەن نرخەکان هەرزان بکرێنەوە.
پارساڵ بە هەزار دینار لە رانیەوە دەچوویت بۆ چوارقوڕنە و دەگەڕایتەوە، ئەمساڵ بووە بە 1500 دینار، هاودەم کرێی پاسی ناوشاریش 250 دینار گران بووە.
گرانبوونی نرخەکە پەیوەندار بوو بە گرانبوونی نرخی بەنزین، بەڵام کە ئێستا نرخەکە دابەزیوە خەڵکەکە داوادەکەن نرخی پاسەکانی گواستنەوەش دابەزێت.
رزگار رەشید، چالاکوانی مەدەنی بە 964 وت، بە نووسراوی فەرمی داوای دابەزاندنی نرخەکانمان کردووە و قایمقامی قەزای رانیەش بەڵێنی داوە کە کاری لەسەر بکات.
دەشڵێت: ئەگەر داواکارییەکەیان جێبەجێ نەکرێت ئەوا رێگای تری مەدەنی دەگرینەبەر.
حسێن مەحمود، قایمقامی قەزای ناوەندی رانیە بە 964ـی وت، داواکارییەکەیان وەرگیراوە، ئەگەر باجی سووتەمەنی لە حکومەتی عێراق لابدرێت، ئەوا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی راپەڕین قسە دەکەین بۆ دەستکاریکردنی کرێی هاتوچۆ لە دەڤەرەکەمان.
محەمەد ئیبراهیم، یەکێکە لەو شوفێرانەی هێڵی گواستنەوەی رانیە کە ماوەی 14 ساڵە لە هێڵی رانیە – چوارقورنە و حاجیاوا کار دەکات، پێیوایە بەو دۆخەی ئێستا هەیە رۆژی وەها هەیە قەرزار دەبنەوە.
محەمەد قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: هێشتا نرخی بەنزین بەوشێوەیە هەرزان نەبووە تا ئەوان کرێی گواستنەوە وەکو پێشوو هەرزان بکەنەوە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق