زەرەریانە

نانەواکانی هەڵەبجە بڕیارێکی قایمقامیەت رەتدەکەنەوە: 8 نان نادەن بە هەزار

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

دوای ئەوەی لیژنەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە داوایان لە خاوەن نانەواخانەکانی شارەکە کرد، کە بڕ و نرخی نان وەک پێش قەیرانی غازی لێبکەنەوە و هەشت نان بە هەزار دینار بفرۆشن، نانەواکان ئەو بڕیارە رەتدەکەنەوە و دەڵێن بڕیارەکە لە زیانی ئەواندایە.

نزار محەمەد، خاوەنی یەکێک لە نانەواخانەکانی هەڵەبجە بە 964ـى وت: “پێشتر لەبەر مانگی رەمەزان بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی نانمان بۆ شەش نان دواخست، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی غازدا بڕیارەکەمان جێبەجێ کرد.”

ئەو خاوەن کارە هۆکاری رەتکردنەوەی بڕیارەکەی قایمقامیەت تەنیا بۆ پرسی غاز ناگەڕێنێتەوە و دەڵێت: “کێشەی ئێمە تەنیا غاز نییە، بەڵکو ئێستا زۆربەی پێداویستییەکانی دیکەی دروستکردنی نان گران بوون. بەو شێوەیەش هیچ سوودێک بە ئێمە ناگات و هیچ بڕە پارەیەکمان وەک قازانج بۆ نامێنێتەوە.”

قەیرانی غاز لە هەڵەبجە کێشەیەکی دیکەی بەردەم نانەواخانەکانە، بە وتەی نزار محەمەد، چەند رۆژێکە غازیان پێنەدراوە و ناچار بوون بۆ بەڕێکردنی کارەکانیان لە قەزای شارەزوورەوە غاز بهێنن.

” تەنانەت ئەگەر کێشەی غازیشمان بۆ چارەسەر بکرێت، ئێمە ئامادە نین بگەڕێینەوە سەر بڕیاری پێشوو و هەشت نان بدەینەوە بە هەزار دینار.”، نزار محەمەد واى وت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح