راپەڕین دەیەوێت تانکەری ئاو نەهێڵێت

964+

مەجید بتوێنی – رانیە

هەشت ساڵ لەمەوبەر سێ هەزار ماڵ بە تانکەر ئاوی خواردنەویان پێ دەگەیشت کرێی ساڵانەی تانکەرەکان دوو ملیار و نیو بوو، ئێستا 300 ماڵ بە تانکەر ئاویان بۆ دەچێت.

بۆ کۆتایی هێنان بە سیستمی تانکەرین، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی راپەڕین لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیەکە دەیەوێت لە شاری رانیە هەرجارەی گەڕەکێک لەبێ ئاوی رزگار بکات، چی تر پارە لە کرێی تانکەر خەرج نەکات.

سەرەتا لە گەڕەکی شادی هەستاون بەجێبەجێ کردنی پڕۆژەی راکێشانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە، بە بەبەکارهێنانی چوار هەزار و 850 مەتر بۆری، 170ماڵ لە بێ ئاوی ڕزگاردەکات.

ئەبوبەکر محەمەد، لێپرسراوی هونەری دابەشکردنی ئاوی راپەڕین بە 964ی راگەیاند، 17%ی خەرجی پڕۆژەکە لەسەر داهاتی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی راپەڕین دەبێت، 70%ی پڕۆژەکەش کارەکانی تەواوکراوە بەمەش 170ماڵ لە تانکەر رزکاریان دەبێت کە هەفتەی دووجار ئاویان پێ دەدرا.

“لە رێگەی کۆمپانیای “بڕاون” لەداهاتوودا بەدەستکردن بەجێبەجێ کردنی پڕۆژەی راکێشانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە، بەدرێژی 18کیلۆمەتر کۆتایی بەوە دێت بە تانکەر ئاو بۆ ماڵان بچێت” ئەبوبەکر محەمەد وای وت.

لەساڵی 2014 لەشاری رانیە سێ هەزار ماڵ هەفتانە بەتانکەر ئاوی خواردنەویان پێ دەکەیشت کە تێچوی ساڵانەی سیستمی تاکەرین دوو ملیار و نیو بوو، بەڵام ئێستا تەنها 300ماڵ بەتانکەر ئاویان بۆ دەچێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی