ئێستا رۆشنبیری فەیسبووکی هەیە
خەسرەو جاف: بۆنی کتێب لە ئافرەتێکی جوانکیلە خۆشترە
964+
هێژا عەباس- هەولێر
نووسەر و هونەرمەند خەسرەو جاف، رەخنەی توند لە دۆخی رۆشنبیریی ئێستا دەگرێت و دەڵێت، تەکنەلۆجیا رۆشنبیرییەکی “کرچوکاڵی” دروستکردووە و ئێستا تەنانەت ئەدیبەکانیش ناخوێننەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە 964، خەسرەو جاف باسی لە پاشەکشەی ئاستی خوێندنەوە کرد و وتی، “بەداخەوە ئێستا چەندە کتێب زۆرە، ئەوەندە خوێنەر کەمە، پێچەوانەی جاران کە کتێب دەست نەدەکەوت بەڵام خوێنەر زۆر بوو”.
ئەو نووسەرە هۆکاری ئەم دۆخە بۆ مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، ئەمانە وایانکردووە رۆشنبیرییەکی کرچوکاڵی فەیسبووکی دروست ببێت، کە “ئەگەر ئەو کەسانە بدوێنی دەزانیت کە هیچ نازانن”.
خەسرەو جاف لە وەسفی خۆشەویستیی خۆیدا بۆ خوێندنەوە، دەستەواژەیەکی سەرنجڕاکێش بەکاردەهێنێت و دەڵێت، “بۆنی کتێب لە بۆنی ئافرەتێکی جوانکیلە خۆشترە، چونکە کتێب رۆحی مرۆڤە و کەسایەتییەکی ئەخلاقی، ویژدانی و نەتەوەیی دروست دەکات”.
جاف بەراوردی ئێستا و رابردوو دەکات و دەڵێت، لە ساڵانی نەوەدەکاندا سەد هێندەی ئێستا خوێنەر هەبووە و یەک کتێب دەستاودەستی پێ دەکرا، بەڵام ئێستا کار گەیشتووەتە ئەوەی “ئەدیبەکانیش ناخوێننەوە”، ئەمەش بە گرفتێکی گەورەی نەتەوەیی دەزانێت کە پێویستە بەپەلە چارەسەر بکرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح