لە خورماتوو
12 ساڵە بێ تەقوایە؛ مزگەوتەکەی گەڕەکی عەسکەری ناکەنەوە
سیروان خورشید – خورماتوو
ساڵانێک تێپەڕی و دۆخی ئەمنی قەزای خورماتوو تا ڕادەیەکی زۆر ئاسایی بوویەوە، بەڵام هێشتا مزگەوتی “تەقوا” لە گەڕەکی عەسکەری بە داخراوی ماوەتەوە و هەوڵەکان بۆ کردنەوەی رووبەڕوی ئاستەنگی دەبنەوە.
مزگەوتی تەقوا، کە لە ساڵی 2007 لە گەڕەکی عەسکەری قەزاکە دروستکراوە، لە ساڵی 2014 و لەکاتی گەمارۆدانی قەزاکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە چۆڵکرا، لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم مزگەوتە تاکە مزگەوتە لە قەزاکەدا کە دەرگاکەەی بەروی نوێژخوێناندا نەکراوەتەوە.
ئەحمەد نامیق، هاوڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی عەسکەریە ئەو بە 964ـی وت، چەندین جار هەوڵیان داوە مزگەوتەکە بکەنەوە و نوێژی تێدا ئەنجام بدەن، بەڵام هەمیشە رێگرییان لێ کراوە، بەوتەی ئەوان، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین کە خەڵکی خورماتووە و سەر بە پێکهاتەی تورکمانی شیعەیە، بەشێوەیەکی راستەوخۆ رێگری لە کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکە دەکات.
لە بەرامبەر هونەر تاهر، بەڕێوەبەری ئەوقافی خورماتوو بە964ـی وت، ئێمە چەندین جار هەوڵمان داوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و کردنەوەی مزگەوتەکە، بەڵام ئاستەنگی گەورە لەبەردەمیاندا هەیە و جگە لەوەش کەمبونەوەی ژمارەی هاوڵاتیانی کورد و سوننە لەو گەڕەکەدا و کۆچکردنیان بۆ گەڕەکەکانی دیکە کارەکانی ئێمەی قورس کردووە.
وتیشی، ئاستەنگییەکان تەنیا پەیوەندیان بە لایەنی سیاسییەوە نییە، بەڵکو بەشێک لە دانیشتویانی ناوچەکەش بەربەستن، بەو پێیەی 70 ماڵی گەڕەکەکه کە تورکمانی شیعە مەزهەبن و دەکەونە نزیک مزگەوتەکەوە، واژویان کۆکردوەتەوە و پێشکەشی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگایان کردووە، تێیدا داوایان کردووە مزگەوتەکە نەکرێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەشێک لەدانیشتیوانی ئەو گەڕەکە و مامۆستایانی ئاینی بەردەوامن لە داواکارییەکانیان بۆ ئەوەی مزگەوتەکە وەک شوێنێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی بۆ خزمەتکردنی نوێژخونیان بکرێتەوە، بەڵام هێشتا چارەنویسی کردنەوەی مزگەوتەکە بە نادیاری ماوەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا