دەرمانە رشێنراوەکەی دەربەندیخان هەشت ساڵە بەسەرچووە

964+

هونەر فارس – دەربەندیخان

لە دەربەندیخان دەرمانی قڕکردنی مێش و مەگەز ڕشێنراوە و تاریخی ئێکسپایەری 2015ی لەسەر بووە.

دەرمانەکە لەلایەن مەڵبەندی تەندروستی دەربەندیخانەوە، نزیکەی هەفتەیەک پێش ئێستا لە سەرجەم گەڕەک و کۆڵانەکانی دەربەندیخان رشێندراوە.

سەرچاوەیەک لە لیژنەی قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخانەوە بۆ 964 وتی، بە فەرمانی قایمقام و داواکاری گشتی ئاگادارکراینەوە بەدواداچوون بکەین سەبارەت بە دەنگۆی بەسەرچوونی دەرمانی قڕکەری مێش و مەگەز لە قەزای دەربەندیخان.

وتیشی، دوای بەدواداچونمان بۆمان دەرکەوت” ئەو دەرمانەی بەکارهێندراوە بەسەرچووە و تاریخی بەسەرچوونی ساڵی 2015ی لەسەر بوو”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا دۆسیەی دەرمانە ئێکسپایەرەکە لە داواکاری گشتییە.

بە گوێرەی بەدواداچونی 964 دەرمانەکە کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ نیە و بەهۆی زۆر بەسەرچونی کاتەکەیەوە هیچ رۆڵێکیش لە کەمکردنەوەی مێش و مەگەز نابینێت.

964 زانیویەتی، دەرمانەکە بە مەبەستی قڕکردنی مێش و مەگەز ڕشێندراوە و بڕیار بوو لە چەند رۆژی داهاتودا ئەوەشی ماوەتەوە بەکار بهێنرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی