تەنیا لای ئەو ئۆتۆمبێل چاکدەکرێتەوە

ژمارەیەک پیشەوەری دهۆک: کۆمپانیایەک قۆرخکاری کردووە

ئەحمەد مستەفا

لە دهۆک ژمارەیەک پیشەوەری ناوچەی پیشەسازی ئالوکا گردبوونەوە و بە کەناڵەکانی راگەیاندنیان وت، کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت قۆرخی کاری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە هاوردەکانی کردووە و ئەوانیش، وەک هەڵوێست وەرگرتن دووکانەکانیان داخستووە.

بە قسەی خۆیان، کۆمپانیاکە کاری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە لێدراوەکانی هاوردەی دەکات، پیشەکەی قۆرخ کردووە بۆخۆی و خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی بە شێوەیەکی زۆرەملێ ناچار کردووە تەنیا لەلای ئەوان کارەکانیان ئەنجام بدەن.

لەگەڵ گردبوونەوەکە، قسەیان بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن کرد، بەگوێرەی ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەی ئەمڕۆ شەممە 22.8.2026 ئەنجامدراو 964 بینیوویەتی، ئەوان دەڵێ، بژێوی زیاتر لە سێ هەزار خێزان لەسەر پیشەی تەعدیل و چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە، لە کاتێکدا پیشەوەران بەردەوام باجیان بە حکومەت داوە.

بەقسەی ئەوان، لەناو ئەو کۆمپانیادا کرێکاری خەڵکی دهۆکیش بوونی نییە، ئەوان ئەوە وەک زوڵم دەبینن و داوا دەکەن، بە زوویی سنوورێک بۆ ئەم قۆرخکارییە دابنرێت، وە هۆشداری ئەوەیان دا، هەڵوێستەکەیان داخستنی یەکجاریی ناوچەی پیشەسازی و پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلی لێ دەکەوێتەوە.

چەندجارێک 964، هەوڵیدا پەیوەندی بە کۆمپانیای ناوبراو بکات، بەڵام ئەوان ئاماژەیان بەوەکرد، بە ڕاگەیەندراوی رەسمی وەڵامی تۆمەتەکانی سەرەیان دەدەنەوە.