سەنتەری شاری سلێمانی. وێنە: 964
وتەبێژی وەبەرهێنەران: بەهای پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی حەوت ملیار دۆلارە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بەهای پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی، کە لە ماوەی دوو رۆژدا لە کۆڕبەندێکدا ناسێندران، بە حەوت ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئەمڕۆ هەینی، مەلا یاسین، وتەبێژی وەبەرهێنەرانی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی کۆڕبەندەکەدا نزیکەی 80 کۆمپانیای بواری نیشتەجێبوون بایی حەوت ملیار دۆلار پرۆژەیان نمایشکردووە.
” لەم کۆڕبەندەدا بایی حەوت ملیار دۆلار پرۆژەی نیشتەجێبوون عەرز کراوە”، مەلا یاسین وای وت.
وتەبێژی وەبەرهێنەرانی کوردستان زیاتر وتی، ئەم یەکە نیشتەجێبوونانە تەنیا بۆ پڕکردنەوەی خواستی خەڵکی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو دەیانەوێت هاوڵاتیانی شارەکانی عێراقیش بێن لەو پرۆژانەی سلێمانیدا نیشتەجێ ببن.
” بە تەنیا خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانن ئەم پرۆژە نیشتەجێبوونانە بکڕن، ئێمە ئەم عەرزەمان بۆ عێراق کردووە”، مەلا یاسین وای وت.
دووەمین کۆڕبەندی ئابووری سلێمانی لە رێککەوتی 8.6.2023 دەستیپێکرد و بڕیارە لەدوای سێ رۆژ و سبەینێ شەممە کۆتایی بێت.
زیاتر لە 80 کۆمپانیا لە بوارەکانی وەبەرهێنانی خانووبەرە، کەرەستەی بیناسازی و براندە جیهانییەکانی بواری وەبەرهێنان لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارن و بەرهەمەکانیان بە هاوڵاتیان دەناسێنن.