ئەوەی پارە نەدات بایەعی نادەنێ

کارتی ئەلیکترۆنی بایەعی کرا بە پارە

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

ئەگەرچی لە سەرەتای دەستپێکردن و دابەشکردنی کارتی ئەلیکترۆنی بایەعی هیچ بڕە پارەیەک لە خەڵک وەرنەدەگیردرا، بەڵام وەزارەتی بازرگانی عێراق پەشیمان بووە و کردی بە پارە.

لە مانگی چواری رابردووەوە لە رێگەی بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک دەستکراوە بە دابەشکردنی کارتی ئەلیکترۆنی لە پارێزگای دهۆک، تا ئێستا 35 هەزار 136 خێزان لە سنووری پارێزگای دهۆک کارتی خۆیان کارا کردووەتەوە.

پڕۆسەکە پێش دهۆک، لە پارێزگای نەجەف دەستی پێکردووە، بەڵام چەند رۆژێک پێش ئێستا وەزارەتی بازرگانی عێراق کردی بە پارە.

وەزارەتی بارزگانی عێراق، لە 25.5.2023 بڕیاریدا بەرامبەر پێدانی هەر کارتێکی ئەلیکترونی هەزار دینار لە سەر خێزانەکان وەربگیردرێت.

قەیس وەیس، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی رێکستنی پسولەی خۆراک لە دهۆک بە 964ـی وت، لە مانگی چوار بە فەرمانی بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی عێراق کارتی ئەلیکترونی بێ بەرامبەر لەسەر بریکارەکانی دابەشکردنی خوڕاک بڕیاری دابەشکردنی درا، ئێمەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەوەمان بۆ خەڵک راگەیاند.

دەشڵێت: بەڵام بەپێی نووسراوێکی نوێی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئێستا کراوە بە پارە و هەموو سەر خێزانێک دەبێت هەزار دینار لە بەرامبەر کارتەکە لە هاوڵاتیان وەربگیرێت، هەر بریکارێکیش پارەکە نەدات ئەوا بەشە خۆراکی مانگی پێنجی پێ نادرێت.

زیاتر وتیشی “ئێمە لەو بڕیارە بەرپرسیار نین، هۆکارەش دیارە کە بەغدایە ئەو بڕیارە تازەیەی دەرکردووە”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق