بایە بەهێزەکەی رانیە 30 دار و دیواری ماڵێکی خستووە
964+
مەجید بتوێنی – رانیە
باو بۆرانی بەهێزی 24 کاتژمێری رابردوو لە دەڤەری راپەڕین بێ زیان نەبوو، وێڕای ئەوەی لە دەشتی بتوێن و مەرگە زیانی لە گەنمی جوتیاران داوە، لە رانیە ئەمشەو 30 داری شکاندووەتەوە و دیواری ماڵێکی رووخاندوە.
لە بلوارەکانی رێگای سەرەکی رانیە – دەربەند، بای بەهێزی ئەمشەو 30 داری سەبەحبەح کە بە داری چەتر شکاندووەتەوە.
بەیان حەمەد، لێپرسراوی بەشی باخچەکانی شارەوانی بۆسکین، هەواڵەکەی بۆ 964 پشتراستکردەوە و راگەیاند، “تیمەکانمان سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگاکەن تا رووداوی هاتوچۆ دروستنەبێت”.
با لە گەڕەکی رزگاری شاری رانیە، دیواری ماڵکی رووخاند، ئومێد حەسەن خاوەن ماڵەکە، بە 964ی راگەیاند، کاتژمێر8:30ی ئەمشەو، لەگەڵ باو بۆرانە بەهێزەکە دیواری خانوەکەی رووخاوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
“دیوارەکە بەدیوی دەرەوە رووخاوە ئەگینا 40 سندوقی هەنگم لەناودەچوون”، خاوەن ماڵەکە وای وت.
لە 24 کاتژمێری رابردوودا لە قەزای رانیە، 10 ملیم باران باریوە، کۆی گشتی بارانبارین لە ئیدارەی راپەڕین تاوەکو ئێستا 613 ملیم بووە، ساڵی رابردوو تاوەکو ئێستا 503 ملیم باران باریبوو.