لە پاڵەوانێتی یاری ترایسلۆن عێراق دوو مەدالیای بەدەستهێنا
لە پاڵەوانیەتی یاری ترایسلۆن عێراق دوو مەدالیای بەدەستهێنا
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە پاڵەوانیەتی یارییە سیانییەکان (ترایسلۆن)ـی وڵاتانی عەرەبی، هەڵبژاردەی عێراق دوو مەدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
دوێنێ هەینی 19.5.2023، لە شاری شەرم ئەلشێخ لە وڵاتی میسر، پاڵەوانیەتی یارییە سیانێکانی وڵاتانی عەرەب دەستیپێکرد.
لە رۆژی یەکەمی پاڵەوانیەتییەکەدا، لە پێشبرکێی سوپەر سپرینگ، نوح سەبیح پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و مەدالیای ئاڵتونی دەستەبەرکرد، هەر لە هەمان جۆری پێشبرکێ و بەڵام بۆ ئاستی لاوان، باقر یەعقوب توانی پلەی سێهەم بەدەست بهێنێت و مەدالیای برۆنزی لەملکرا.
لەسەر ئاستی کچان و لە پێشبرکی تراسلیۆن کە ماوەکەی 350 مەتر مەلە و 15 کیلۆمەتر پایسکیل و 2.5 کیلۆمەتر راکردن بوو، پەریا مەحمودی کچە یاریزانی کورد پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا.
لەیلا محەمەدی، سەرۆکی شاندی هەڵبژاردەی عێراق بە رێگەی تەلەفۆنەوە لە میسرەوە قسەی بۆ 964 کردووە و لە ئەنجامەکانی یاریزانەکان بە دەستیانهێناوە رازییە و دەڵێت: ئەنجامەکان باشن و تا ئێستا کە رۆژی دووەمی پاڵەوانێتییەکەیە، یاریزانەکانمان دوو مەدالیایان بەدەستهێناوە.
سەبارەت بە ئەنجامەکانی یاریزان پەریا مەحمودی کچە یاریزانی کورد، سەرۆکی شاندەکە دەڵێت: هەرچەندە ئەو پێشبرکێیە لە ئاست تەمەنی پەریا نەبوو، چونکە ماوەکەی زۆر بوو، بەڵام توانی رکابەری کچە پاڵەوانەکانی عەرەب و ئەفریقا بکات و دواجار پلەی پێنجەم بەدەستبهێنێت.
پاڵەوانیەتی یارییە سیانێکانی وڵاتانی عەرەب (ترایسلۆن)، بە بەشداری 15 وڵات رکابەرییەکانی لەنێوان رۆژانی 19 تا 22ـی ئەم مانگە لە وڵاتی میسر بەرێوەدەچێت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق