سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر هەواداری دۆڵمەیە
“لە دوای ئاگربەستەوە جوڵەی بازرگانی فەرق دەکات”
رێباز خدر
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر دەڵێت، دوای وەستانی شەڕ و ئاگربەست، جوڵەی بازرگانی لە ناوچەکە فەرق دەکات.
گەیلان حاجی سەعید ئەمڕۆ هەینی 10.4.2026 لەگەڵ خانەوادەکەی لە گەشت و سەیران بوو، 964 بە فرسەتی زانی پرسیاری رەوشی بازرگانی لێبکات، بە تایبەتی دوای وەستانی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست.
سەرۆکی ژووری بازرگانی رایگەیاند، بەدڵنیاییەوە دوای ئاگربەست جوڵەی بازرگانی فەرق دەکات و بە هیوای ئەوەشن هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی بەخۆیەوەببینێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانی دوور لە کاری بازرگانی، بە جلێکی کوردیی پۆشتەوە هاتبووە سەیران و سووریش بوو لەسەر ئەوەی بە زۆر نەهێنراوە بۆ سەیران و حەزی لە سەیرانە.
هەروەها ئاشکراشی کرد، کە بە پێچەوانەی زۆربەی پیاوان، حەزی لە دۆڵمەیە و ئەمڕۆش دۆڵمەیان بۆ گەشتەکەیان لێنابوو، ئەو وتی، “بە راستی هەواداری دۆڵمەم”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا