هەشتیان منداڵن
لە هێرشى سەر قوتابخانەکە مەڕەش ژمارەى گیانلەدەستدان بۆ 9 کەس بەرز بووەوە
964+
وریا فەتاح
لە هێرشە چەکدارییەکەى سەر قوتابخانەیەک لە باکورى کوردستان، کە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ئەنجامدراوە، ژمارەى گیانلەدەستدان بۆ 9 کەس بەرز بووەتەوە کە هەشتیان منداڵن.
رووداوەکە لە قوتابخانەی ناوەندی “ئایسەر چاڵک” لە پارێزگاى مەڕەش روویداوە، بەپێی راگەیەندراوی وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا 9 کەس گیانیان لەدەستداوە کە هەشتیان منداڵن و 13 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە باری تەندروستی 6 کەسیان ناجێگیرە.
وەک ئەوەى روونکراوەتەوە، هێرشبەرەکە قوتابی پۆلی هەشتەم بووە بە ناوی (عیسا ئاراس مێرسینلی) کە بە جانتایەکی پشتییەوە چووەتە ناو قوتابخانە و دواتر چووەتە ناو دوو پۆلی جیاواز (کە قوتابیانی پۆلی پێنجەمی تێدا بووە) و دەستی بە تەقە کردووە.
پارێزگارى مەڕەش ئاشکراى کردووە، هێرشبەرەکە 5 دەمانچە و 7 مەخزەن گولـلەى پێبووە و گومان دەکرێت ئەو چەکانە هی باوکی بن کە پێشتر کارمەندی دەزگای پۆلیس بووە.
هێرشبەرەکە لە کاتی رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە، بەرپرسان دەڵێن هێشتا روون نییە کە ئایا خۆی کوشتووە یان لە کاتی ئاڵۆزییەکەدا پێکرابێت.
وەک ئەوەى میدیاکانى تورکیا خستوویانەتەڕوو، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان باوکی هێرشبەرەکەیان دەستگیر کردووە.
ئەمە رووداوە لە کاتێکدا هەر دوێنێ ئێوارە گەنجێک لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان بە چەک هێرشی کردە سەر قوتابخانەیەکی ئامادەیی و 16 مامۆستا و قوتابی بریندار کرد.