کێشەکە چییە؟
زیاتر لە 45 رۆژە دادوەرانی دادگای تەقتەق و داواکاری گشتی دەوام ناکەن
964+
دەریا ئەحمەد
لە قەزای تەقتەق زیاتر لە 45 رۆژە هەردوو دادوەری دادگای تەقتەق و داواکای گشتی دەوام ناکەن و ئێستا دادگاکە کاروبارەکانی تێدا راگیراوە، خەڵکەکە ناچارن بۆ بچوکترین کاری دادگا روو بکەنە دادگای کۆیە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دادی تەقتەقیش دەڵێت، تەقتەق بووە بە قەزا بەڵام لە ناحیەش بچوکتر کراوەتەوە.
ئیسماعیل عومەر بە 964ـی وت، لە 1.3.2026ـەوە هەردوو دادوەری دادگای تەقتەق و داواکاری گشتی شارەکە بەبیانووی بوونی مەترسی لەسەر ژیانیان نەهاتوونەتەوە ئەم شارە و دەوامیان نەکردووە، ئەمە لە کاتێکدا پێشتریش هەفتەی تەنیا دوو رۆژ دەوامیان دەکرد بە بیانوی ئەوەی لە کۆیە دەوامیان هەیە، لە کاتێکدا کۆیە و تەقتەق دوو قەزای جیان.
گرفتەکە لە کوێ دروست بوو؟
ئیسماعیل عومەر دەڵێت: “گرفتەکە کاتێک دروست بوو کە کۆمەڵێک خەڵکی تەقتەق لەسەر کێشەی زیادەڕۆیی دەستگیرکرابوون و کەسوکارەکانیشیان دژی بڕیارەکە ناڕەزاییان دەربڕی و رۆژێک هاتنە بەردەم دادگا و بەشێکیشیان هاتنە ناو دادگاوە و تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە ئەو کەسانە بە چەکەوە هاتوونەتە ژوورەوە، کە راستییەکەی لە دادگا کامێرای چاودێریی هەیە و تەنانەت دەنگیش تۆمار دەکات، بەڵام ئێمە نە چەکمان بینی و نە هیچ هەڕەشەیەکیش لەلایەن خەڵکەکەوە و بە زوویش چوونەوە دەرەوەی دادگا، بەڵام پێمان وایە ئەو دادوەرانە ئەمەیان کردووە بە بیانوو ئێستا نایەنەوە بۆ دەوام، گوایە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، تەنانەت یەکێک لەوانەی دادوەری دادگای تەقتەق سزای دابوو کەسێکە کە بە پێنج ملیۆن دینار غەرامە و هەشت مانگ بەندکردن سزادرابوو، ئەمەش بەشێک بوو لە توڕەیی خەڵکەکە، ئێستاش کەیسەکەی لە دادگای تەمیز گەڕاتەوە و سزای زیندانییەکەی لادراوە”.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دادی تەقتەق وتیشی، خەڵک گرفتێکی هەبێ روو لە دادگا دەکات ئێستا کە دادگا خۆی گرفتی هەیە، پێویست بوو ئەو دادوەرە بەڕێزانەش سکاڵا تۆمار بکەن نەک وەک ئێستا بایکۆتی دەوام بکەن، بەڵام بە رای ئێمە ئەمانە تەنیا بیانوویەکن و دادوەرەکان دەیانەوێ ئیتر لە تەقتەق دەوام نەکەن و دەوامەکەیان بگوازنەوە بۆ شوێنی تر، کە خۆیان دەیانەوێ.
“ئەو سەردەمەی کە ناحیە بووین کاروبارمان باشتر دەڕۆیشت بەڵام لەوەتەی کراوین بە قەزا، گەڕاوینەتەوە بۆ دواوە و دادگای تەقتەق وەک ئەوەی کە نەبێ وایە و تەنیا وەک شتێکی رۆتینی فەرمانبەرەکانی دەوام دەکەن، رۆژانەش خەڵکەکەی ناچارن بۆ بچووکترین کاروباری دادگا رێگەیەکی زۆر ببڕن و روو بکەنە دادگای کۆیە”، ئیسماعیل عومەر وای وت.
ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی 60 هەزار هاوڵاتی لە سنووری قەزای تەقتەق کاروباریان لەسەر ئەو دادگایەیە و چاوەڕێن ئەم گرفتەیان بۆ چارەسەر بکرێت.
964 پەیوەندی کرد بە هەریەک لە (شڤان تەها) دادوەری داواکاری گشتی تەقتەق و ( هاوار گەیلانی) دادوەری دادگای بەرایی تەقتەق و نەریمان تاڵب وتەبێژی وەزارەتی داد، بەڵام کەسیان ئامادەنەبوون لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەن، هەوڵماندا پەیوەندی بکەین بە ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام وتەبێژەکەیان لەسەر کارەکەی نەماوە و هیچ کەسێکیش نەبوو قسە بکات.