دیناری عێراقی لە جۆرەکانی 25 هەزاری و پێنج هەزاری. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
لە پرۆژەیاسای بودجەدا وشەی نابێت داهاتی هەرێم زیاتر بێت لابرا
هاوبەش ئەبوبەکر
لە بڕگەیەکی پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراقدا، ئەو دەستەواژەیە لابرا کە ئاماژەبوو بۆ ئەوەى پشکى هەرێمى کوردستان “نابێت زیاتر بێت”.
ئەمڕۆ هەینی، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم لە فەیسبوکی خۆی رایگەیاند، دەستەواژەکە لە بڕگەیەکی ماددەی 12ـی پرۆژەیاسای بودجەدا لابراوە، کە دەبووە هۆی مەترسی لەسەر ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.
لەپاش گۆڕانکاری لە ئەو دەستەواژەیەی بڕگەکەدا، پشکی هەرێم بەگوێرەی نرخی نەوت زیاد یان کەم دەکات.
لە برگەکەدا هاتبوو کە پشکی هەرێمی کوردستان، لە داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەکان، “نابێت زیاتر بێت”، بەڵام لە پاش چاککردنی بڕگەکە، ئەو دەستەواژەیە لابراوە.
پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنوسی ئەو بودجەیەی کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەند کراوە، 12.67٪ـە.