"بۆ چارەسەری کێشەکان پەیوەندی بە 119 ەوە بکەن"

رۆشنبیری سلێمانی هەماهەنگی هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی دەکات

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، هەماهەنگی و پاڵپشتی خۆی بۆ زیاتر ناساندن و بڵاوکردنەوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی راگەیاند و داواش لە هاوڵاتیان دەکات بۆ هەر کێشە و گرفتێکی خێزانی کە هەیانبێت پەیوەندی بە ژمارە 119 ەوە بکەن.

د. موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری‌ و هونەری سلێمانی دەڵێت، زۆر جاران کێشەو گرفتە خێزانییەکان لەرێگەی پەیوەندیکردن بەو ژمارەیە چارەسەر دەکرێت بۆیە گرنگە هاوڵاتیان بۆ چارەسەری کێشەکانیان ئەم کارە بکەن.

وتیشی “هەموومان پێکەوە بەرەنگاری توندوتیژی دەبینەوە بۆیە بە پێویستی دەزانین هاوڵاتیان هانبدەین لە کاتی دروستبوونی کێشە خێزانییەکانیان پەیوەندی بکەن بە ژمارە 119”.

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژى ئافرەتان و خێزان لە سلێمانى، ماوەیەکە هەماهەنگی و پاڵپشتی دەزگا و فەرمانگەکانی حکومی لە سنووری پارێزگاکەیدا بۆ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، کۆدەکاتەوە و لە رابردووشدا چەندین فەرمانگە و دەزگا پاڵپشتی ئەمن هەنگاوەیان کردووە.