سبەینێ دەستپێدەکات
پەروەردەی سلێمانی بۆ میدیاکان: چوونە ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی پۆلی 12 قەدەغەیە
964+
وریا فەتاح
سبەینێ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەستپێدەکات، پەروەردەی سلێمانیش بڕیاریدا بە هیچ شێوەیەک رێگە بە کەناڵەکانی راگەیاندن و فۆتۆگرافەران نەدرێت رووماڵی تاقیکردنەوەکان لە ناو هۆڵەکاندا بکەن.
ئەمڕۆ شەممە 13.6.2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی گشتاندنێکی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیار و چاودێرانی هۆڵەکانی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەرکرد و داوای لێکردوون، رێگری تەواو بکەن لە چوونە ژوورەوەی تیمەکانی راگەیاندن.
بەپێی بڕیارەکەی پەروەردە، نەک تەنیا لە ناو هۆڵەکان، بەڵکو لە دەوروبەری هۆڵەکانیش دروستکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ خوێندکاران قەدەغەیە. هاوکات داوا لە بەرپرسانی پەروەردە و مامۆستایانیش کراوە، لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکاندا خۆیان لە هەر جۆرە لێدوان و رووماڵێکی میدیایی بەدوور بگرن.
پەروەردەی سلێمانی هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە رووماڵی میدیایی دەبێتە هۆی تێکدانی تەرکیزی خوێندکاران. هۆشداریش دەدات کە “هەر کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی ئەم رێنماییانەدا، لێپرسینەوەی یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت”.
بڕیارە سبەینێ یەکشەممە 14.6.2026، کاتژمێر 7:30 خولەکی بەیانی، پرۆسەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی 12ی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستپێبکات.