سبەى دەستبەکار دەبێت
چیا ئەمین بە سەرۆکی نوێی یانەی زاخۆ دەستنیشان کرا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
دوای نیگەرانییەکانی هاندەران و کۆتاییهاتنی وادەی دەستەی کارگێڕیی پێشوو، ئەمڕۆ بە فەرمی (چیا ئەمین) وەک سەرۆکی نوێی یانەی وەرزشیی زاخۆ دەستنیشان کرا و بڕیارە سبەینێ بە فەرمی لە پۆستەکەی دەستبەکار بێت.
لە وەرزی رابردوودا، بەهۆی تۆمارکردنی ئەنجامە خراپەکانی یانەی زاخۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق و جامی کەنداو، هاندەرانی یانەکە فشاریان دروست کرد و داوایان لە دەستەی کارگێڕیی یانەکە کرد دەست لەکاربکێشنەوە، بۆ ئەوەی دەستەیەکی نوێ ئەرکی بەڕێوەبردنی یانەکە بگرێتە ئەستۆ.
بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ژمارەیەک کەسایەتیی دیاری شاری زاخۆ بۆ وەرگرتنی سەرۆکایەتیی یانەکە دەستنیشان کران، بەڵام سەرجەمیان وەرگرتنی ئەو پۆستەیان رەتکردەوە، تا دواجار ئەمڕۆ (چیا ئەمین) کە هاوکات بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆیە، وەک سەرۆکی نوێی یانەکە دیاری کرا.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964، چیا ئەمین، سەرۆکی نوێی یانەی زاخۆ رایگەیاند: سبەینێ بە فەرمی دەستبەکار دەبم و دەستبەجێ بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوکارانم پلانێکی ستراتیجی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق دادەڕێژین، هەروەها کار بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی یانەکە دەکەین.
سەرۆکی نوێی یانەی زاخۆ پەیامێکیشی ئاراستەی هاندەران کرد و وتی، “هاندەرانی زاخۆ شایستەی ئەنجامی زۆر باشتریشن لەوەی هەیە، بۆیە بە جددی کار دەکەین بۆ ئەوەی دڵیان بە یانەکەیان خۆش بکەینەوە.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح