بەدوای چارەسەر دەگەڕێن

پەرلەمان چوار وەزارەت لەسەر سەگی بێلانە کۆدەکاتەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بۆ چارەسەری سەگە بێلانەکان لەسەر شەقامەکان، لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستان وەزارەتەکانی ناوخۆ، شارەوانی، تەندروستی و کشتوکاڵ کۆدەکاتەوە.

لیژنەکە نووسراوی بۆ ئەو وەزارەتانە کردووە و داوای نوێنەریانی کردووە و چاوەڕوانی وەڵامەکانیانە بۆ دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەکە.

بە پێی ئامارێکی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر، تەنها لە مانگی نیساندا، سەگ 73 کەسی گەستووە.

دەمانەوێت لەگەڵ ئەو وەزارەتانە بگەینە رێگەچارەیەک و کۆتایی بە مەترسییەکانی سەگی بێلانە بێنین لەناو شارەکاندا. ئەوە وتەی سەباح مەحمود، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستانە بۆ تۆڕی 964.

وتیشی، “ئێمە پێمان باشە لە هەموو شار و شارۆچکەکان شێڵتەر بکرێتەوە و ئەو سەگانە لەوێدا چاودێری بکرێن”.

بە پێی ئامارێکی پارتی سەوزی کوردستان، زیاتر لە 300 هەزار سەگی بێلانە لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە.