بەگری شارستانی سلێمانی ئاماری راگەیاند

کارەبا و غاز هۆکاری زۆرینەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بوون

ئەحمەد مستەفا

بەرگری شارستانی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی مانگی ئایاری ئەمساڵدا 21 ئۆتۆمبێل ئاگریان گرتووە و سووتاون، هەروەک لە 23 ماڵیش ئاگر کەوتووەتەوە و لەلایەن تیمەکانیانەوە کۆنتڕۆڵ کراون.

لە میانەی ئەرکە مەیدانییەکاندا، تیمەکانمان رووبەڕوی چەندین جۆری ئاگرکەوتنەوە بوونەتەوە، لەوانە: 23 ئاگری ماڵ، 21 ئاگری ئۆتۆمبێل، نۆ ئاگری شوێنی بازرگانی و دوو ئاگری ماتۆڕسکیل، هەر لەو ماوەیەدا تیمەکانیان بە هانای 70 رووداوی جۆراوجۆری فریاگوزارییەوە چوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی بەرگری شارستانی سلێمنی، لەگەڵ ئەم رووداوانەدا، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیویانە 92 حاڵەتی ئاگری پوش و پەڵاش و پاوانی میری بکوژێننەوە، کە بەهۆی لێهاتوویی کارمەندانمانەوە رێگری لە تەشەنەسەندنیان کراوە بۆ ناوچەکانی دەوروبەر.

بەپێی لێکۆڵینەوە تەکنیکییەکان، گرفتی کارەبا و لێچوونی غاز بە هاوبەشی هۆکاری سەرەکیی زیاتر لە نیوەی رووداوەکان بوون، دەشڵێت، لە ئەنجامی ئەم ڕووداوانەدا، سێ هاووڵاتیی گیانیان لەدەستدا و 35 کەس بریندار بوون، و بڕی زیانە داراییەکانیش بە نزیکەی 400 ملیۆن دینار خەمڵێنراوە.