بۆ کاروباری سوریا و عێراق

مارکۆ روبیۆ: تۆم باراک وەکو کەسی سەرەکیی ئیدارەی ترەمپ لە ناوچەکە دەمێنێتەوە

فەرهاد حەسەن:

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەرکی تۆم باراک وەک نێردەی تایبەتی بۆ سووریا بەشێوەی فەرمی کۆتایی دێت، بەڵام هێشتا وەک کەسی سەرەکیی ئیدارەی ترەمپ بۆ کاروباری سووریا و عێراق دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 30.5.2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی X  بڵاویکردەوە “باڵیۆز تۆم باراک رۆڵێکی بێهاوتای گێڕاوە وەک نێردەی تایبەتی ئێمە بۆ سووریا، لەکاتێکدا ئەو پۆستە کۆتایی دێت، ئەو بەردەوام دەبێت لە گێڕانی رۆڵێکی سەرەکی بۆ ئیدارەی تره‌مپ لە سووریا و لە عێراق.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، شارەزایی، پەیوەندییەکان و تێگەیشتنی ئەو بۆ ئەجێندای ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن بە نوێنەرایەتیی وڵاتەکەیان.

بەقسەی وەزیری دەرەوە، بەپێی راسپاردەی پێشوو، ئەرکی تۆم باراک وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا تاوەکو کۆتایی مانگی ئایاری 2026 بوو.

دەشڵێت “باڵیۆز تۆم باراک رۆڵێکی گەورەی بینیوە وەک باڵیۆزی تایبەتی ئێمە بۆ سووریا.”