خوێندنگەکانی سلێمانی هاوکاریان دەوێت

لە سلێمانی پارە لە دایک و باوکی قوتابیان وەردەگیردرێت

پەروەردە؛ لە قەیرانداین و پارە دانەکەش ئارەزوومەندانەیە

میدیازان – پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی قوتابخانەکان، داوای پارە لە دایک و باوکی قوتابیان دەکرێت، پەروەردەی سلێمانی دەڵێ پارەدانەکەش ئارەزوومەندانەیە.

قادر ئەحمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی گۆرانی بنەڕەتی لە گەڕەکی بەختیاریی شاری سلێمانی بۆ میدیازان پشتڕاستی ئەو زانیارییەی کردەوە، ئاماژەی بەوەدا کە هەموو قوتابخانەیەک ئەنجومەنی دایکان و باوکانی هەیە، ئەو ئەنجومەنە لەنزیکەوە ئاگایان لە پێداویستی و کێشەی قوتابخانەکان هەیە، وتی “ئەنجومەنەکە خۆیان هەڵدەستن بە کۆکردنەوەی پارەکە بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی قوتابخانەکان”.

وەرگرتنی پارە لە کەسوکاری قوتابیان لە سلێمانی، لە کاتیكدایە هەفتەی رابردوو لەسەر هەمان پرس بەڕێوەبەری پەروەردی دهۆک لەگەڵ بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی پارێزگای دهۆک کۆبوونەوەی کردبوو، هۆشداری ئەوەی دابوو کە بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە نابێت پارە لە دایک و باوکی قوتابیان وەربگیردرێت.

میدیازان دەزانێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەزارو ٦٠٠ قوتابخانە هەیە کە نزیکەی ٥٠٠ هەزار قوتابی وانەی تێدا دەخوێنن.

عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێ ئەو پارە دانە ئارەزوومەندانەیە، بڕیارەکەش لە پەروەردەی سلێمانی نەدراوە.

زیاتر وتی “لە قەیرانداین، وەزارەتی دارایی ١٥ ملیار دیناری بۆ خەرجکردووین، بەڵام ئەو پارەیە تەنیا وەک ژمارە چووەتە سەر هەژماری بانکی ئێمەو، یەک دینارمان بۆ خەرج نەکراوە”.