دوای 26 ساڵ لۆگۆکەی گۆڕی
ئاسکەکەی شارەوانی سلێمانی بەهەمان جووڵەوە کرایە “گرافیک”
فەرهاد حەسەن
دوای 26 ساڵ، شارەوانیی سلێمانی لۆگۆیەکی نوێ دەناسێنێت، ئەو ئاسکەی ەپێشتر وەکو تابلۆیەکی شێوەکاری بە رەنگ نەخشێندرابوو و کرابووە لۆگۆ بە کەمێک دەستکارییەوە کراوەتە گرافیک.
شارەوانی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، بڕیاری گۆڕینی لۆگۆکەیان بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی لە کۆبوونەوەی رێکەوتی 6.5.2026 ئەنجامدراوە، بۆ ئەوەی ناسنامەی بینراوی دامەزراوەکە زیاتر لەگەڵ پێوەرەکانی گرافیک دیزاین و داواکارییەکانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆ هاوتەریب بکرێت.
دەڵێت “لۆگۆ نوێیەکە بۆ بەکارهێنان لە هەموو نووسراوە فەرمییەکان، پەیامە راگەیاندراوەکان و چالاکییەکانی سۆشیاڵ میدیای سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەرخانکراوە”.
لەبارەی لۆگۆ کۆنەکەشەوە دەڵێت، لە سەردەمێکدا دروست و پەسەندکرابوو کە هێشتا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای دیجیتاڵی بە ئاستی پێشکەوتوویی ئێستا نەگەیشتبوون، هەروەها لە کاتی دیزاینکردنیدا هەندێک لە بنەما و ستانداردە هاوچەرخەکانی گرافیک دیزاین رەنگدانەوەی تەواویان تێدا نەکرابوو. سەرەڕای ئەوە، لۆگۆی کۆن بۆ ماوەی 26 ساڵ وەک ناسنامەی فەرمی و مێژوویی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی خزمەتی کردووە و بەشێکی گرنگ بووە لە مێژوو و یادەوەری دامەزراوەکە.
شارەوانی سلێمانی دەڵێت، لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی نوێی ناسنامەی بینراوی شارەوانیەکەیان، لۆگۆی کۆن بە ڕێز و شکۆی تەواوەوە لە ئەرشیفی فەرمی دامەزراوەکەدا پارێزراو دەبێت و وەک بەڵگەیەکی مێژوویی و بەشێکی گرنگ لە میراتی کارگێڕی و خزمەتگوزاریی شارەوانی بەبایەخەوە لێی دەڕوانرێت.