نەخۆشخانەکانی سلێمانی لە بەردەم هەڕەشەی مانگرتنی کۆمپانیاکاندان
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
کۆمپانیاکانی کەرتی تەندروستی لە سلێمانی، کە دابینکاری دەرمان و تاقیگە و خزمەتگوزارین، بڕیاریانداوە سبەی سێشەممە مانگرتن رابگەیەنن.
بەگوێرەی سۆراغی 964، کۆمپانیاکان ژمارەیان زیاتر لە 30 کۆمپانیایە لە ھەریەک لە بوارەکانی (پێدانی دەرمان، پێداویستی پزیشکی، تاقیگە، دابینکردنی خواردن و پاكکردنەوە) تەندەریان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی واژۆکردووە.
بە پێی قسەی سەرچاوەیەک لە کۆمپانیاکانەوە، ئەو کۆمپانیایانە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکومەتەوە پێ نەدراوە، کەکۆی شایستە داراییەکانیان زیاتر لە 13 ملیار دینارە. ئەو نەخۆشخانانەی دەکەونە بەر زیانی بڕیاری مانگرتنەکە گرنگترینان، (نەخۆشخانەی ھیوا، شار، فریاکەوتن، بوژانەوەی دڵ، منداڵان و لەدایکبوون)ە.
تۆڕی964 پەیوەندی بە سامان لەتیف، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی کرد، بەڵام ناوبراو لەبارەی شایستە دارایی و داواکاری کۆمپانیاکان ئامادەنەبوو ھیچ قسەیەک بکات، ھەروەھا د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ھیوا وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.
بەڵام، بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تەندروستی سلێمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئەمرۆبە 964ی وت، کۆمپانیاکان پارەیەکی زۆریان خەرجکردووە، بەڵام لەبەرانبەردا حکومەت پارەکەی دواخستوون و تائێستا خەرجی نەکردووە، کە داواکاری سەرەکی ئەوان زیاتر خەرجکردنەوەی شایستەکانی سێ ساڵی رابردووە.
بەوتەی سەرچاوەکەی تەندروستی سلێمانی ئەگەر ھاتوو مانگرتنی ئەو کۆمپانیایانە بکەوێتە بواری کرداری ئەوە 13 نەخۆشخانەی شارەکە بە رێژەی %58 کارەکانیان دەوەستێت، کە سەرجەمیان نەخۆشخانەی گرنگن و سەرەکین و 24 کاتژمێر کراوەن بەرووی ھاوڵاتیاندا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی