پیاوێک: پارەکەم بە حەماڵی پەیدا کردووە
ئاخر و ئۆخری دانەوەی قەرزی کارەباکەیە و جمەی دێ
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ئەمڕۆ ئاخر و ئۆخری دەرفەتەکەیە کە حکومەت وەک دووەمجار وادەی بۆ دانا، تا هاوبەشانی کارەبا قەرزی پێش پڕۆژی روناکی-یان لابوو بە داشکاندنەوە بیدەنەوە.
فەرمانگەی کارەبا رۆژئاوای سلێمانی یەکێکە لەوانەی کە بەرناکەوێ و خەڵکێکی زۆر چوون بۆ دانەوەی قەرزەکانیان.
یەکێک لەو هاوڵاتییانە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێ، قەرزەکە زۆر لەسەر شانی قورس بووە، مۆبایلی بۆ فرۆشتووە و سێ وەرەقە زەرەری کردووە تا توانیویەتی قەزەکە بداتەوە.
ئەو نیگەرانە و دەڵێ، ناوێری لەماڵەوە بۆیلە و گڵۆپ هەڵبکەین ئەوەندە نرخی پڕۆژەی رووناکی گرانە، و داوای کرد، لە بەرامبەر ئەو نرخە چرا دابنرێ و مۆم هەڵبکرێ وەک لەوەی بەو بڕە کارەبا لە پڕۆژەی رووناکی بکڕن.
وەک خۆی وتی، نزیکەی سێ ملیۆن دیناری داوە، کە هەمووی بە حەماڵی پەیدای کردووە، ئەوەندە نەبرد کەسێکی دیکە هاتە دەرەوە و بە پەیامنێری 964 وت، بۆ 10 رۆژی بەکارهێنان بڕی 600 هەزار دینار پارەی کارەبای بۆ هاتووەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا