کارەبای مۆلیدە لە هەڵەبجە هەرزانترین و لە هەولێر گرانترینە

964+

نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگی رابردوو دیاریی کرا و لە پارێزگای هەولێر زۆرترین و لە پارێزگای هەڵەبجە کەمترین نرخ بۆ ئەمپێرێک کارەبا دانراوە.

رۆژی دووشەممە  3.4.2023، دڵشاد سادق سەرۆكی ئەنجومەنی مۆلیدە ئەهلییەكانی هەولێر بە تۆڕی 964ی راگەیاند، خاوەنی مۆلیدەکان لە پارێزگاکە ئاگادار کراونەتەوە کە بۆ هەر ئەمپێرێک بڕی حەوت تا نۆ هەزار و 750 دینار وەربگرن.

مانگی رابردوو تێکڕا 170 بۆ 215 کاتژمێر کارەبای مۆلیدە دراوە بە هاوڵاتیانی هەولێر و بە گوێرەی خشتەی نوێ لەم مانگەدا لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ بۆ کاتژمێر 09:00ی بەیانی کارەبای مۆلیدە دەدرێتە هاوڵاتیان.

لەبارەی هەڵەبجەش، پێشەوا حەیدەر، سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگاکە بە تۆڕی 964ی وت، نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی رابردوو بە پێنج هەزار دینار بۆ حەوت هەزار و 500 دینار دیاریکراوە.

“تەنیا بۆ یەک مۆلیدە نەبێت، کە بەهۆی زیاتر هەڵکردنی مۆلیدەکەی بڕی هەشت هەزار دیناری بۆ دیاریکراوە، ئەوانی دیکە دەبێت پێنج هەزار بۆ حەوت هەزار و 500 دینار بۆ هەر ئەمپێرێک وەربگرن”، پێشەوا حەیدەر وای وت.

لە مانگی رابردوودا لە پارێزگای هەڵەبجە، مۆلیدە ئەهلییەکان تێکڕا 140 بۆ 150 کاتژمێر کارەبایان داوە بە هاوڵاتیان و مۆلیدەی سیتییەکانیش 100 کاتژمێر کارەبایان هەڵکردووە.

لە پارێزگای سلێمانیش، نرخی یه‌ك ئەمپێر كاره‌بای مۆ‌لیده‌ له‌  1 بۆ 31ـی ئازار، له‌ نێوان حه‌وت هه‌زار و 750 دینار بۆ هه‌شت هه‌زار و 750 دینار ده‌بێت، بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی.

“كاركردن و ته‌رخانكردنی كاره‌با له‌لایه‌ن مۆ‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كانه‌وه‌ بۆ هاوڵاتیان، له‌ مانگی  ئازاردا له‌ نێوان 158 بۆ 180 کاتژمێردا بووه‌،” کارەبای سلێمانی وا دەڵێت.

لە دهۆکیش، بۆ مانگی ئازار 158 کاتژمێر کارەبای مۆلیدە دراوە بە هاوڵاتیان و نرخی هەر ئەمپێرێک نۆ هەزار دینارە.