زۆری نەماوە

کەی پردەکەی دەربەندی رانیە تەواو دەبێت؟

964+
مەجید بیتوێنی – رانیە

پڕۆژەی پردی دەربەند گرنگییەکی گەشتیاری و ئابووری و هاتوچۆی هەیە، بە تەواوبوونی کێشەی جوتیارانی 46 گوندی ناحیەی بنگرد چارەسەر دەکات و مەرزی کێلێ و ئیدارەی راپەڕین بە پارێزگای سلێمانیەوە دەبەستێتەوە، پاش ماوەیەک لە راگرتنی، ئێستا دووبارە بە گەرمی دەستی بە کارەکانی کراوەتەوە.

بە قسەی بەرپرسانی ناوخۆیی، ماوەی چەند مانگێک بوو بەهۆی نەمانی پارەی پێشینەکان لە بانک پرۆژەکە وەستابوو.

بەختیار ئەحمەد بەڕێوەبەری رێگاوبانی راپەڕین بە 964ی وت، “ئەگەر هیچ کێشەیەکی دارایی بۆ پڕۆژەکە نەیەتە پێش لە چوار مانگی داهاتوودا پڕۆژەکە تەواودەبێت چونکە تەنیا کاری سەقفی پردەکە ماوە لەگەڵ رێگا لاوەکییەکانی دەورووبەری”.

پەیامنێری 964 زانیویەتی بڕی پارەی تەواو نەدراوە بە کۆمپانیای جێبەجێکار، بەڵکو بە قیستی هەفتانە بڕی 150 ملیۆن دیناریان پێدەدرێت، ئەوەش بە قسەی کۆمپاکە هەموو جارێک لە کاتی خۆیدا نادرێت و دوادەکەوێت.

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای ئاماج کە جێبەجێکاری پرۆژەکەیە بە 964ی وت، ئەگەر بەو شێوازە پارەیان بۆ خەرج بکرێت، ئەوا رەنگە تاوەکو هەشت مانگی دیکە پرۆژەکە تەواو نەبێت.

پردە نوێیەکەی دەربەندی رانیە درێژییەکەی 400 مەترە، پانییەکەی 15 مەترە و بەرزییەکەی 32 مەترە، لە رۆژی 13.10.2020، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە بڕی زیاتر لە 12ملیار دینار بەردی بناغەی دانا.

کاتی خۆی کۆمپانیای جێبەجێکار بەڵێنیدا لە ماوەی 18 مانگدا پڕۆژەکە تەواو بکات، بەڵام بەهۆی نەمانی پارەی پێویست لە بانک چەند جارێک کارکردن لە پڕۆژەکەدا وەستاوە، هاوڵاتیانی دەڤەری راپەڕین چاویان لەسەر پڕۆژەکەیە بە زووی تەواو بکرێت.