کەرەستەی بەسەرچووی لێ بووە

چەند تاقیگەیەک لە هەڵەبجە داخران و پسووڵەش کراوە

ئەحمەد مستەفا

تەندروستی هەڵەبجە رایگەیاند، لە ئەنجامی پشکنینی ژمارەیەک لە تاقیگە تایبەتەکانی ناوەندی پارێزگاکە، بڕیاری داخستنی چەند تاقیگەیەک دراوە و پسوڵەی ئاگادارکردنەوەش بۆ چەند تاقیگەیەکی تر ئاراستەی نوێنەری داواکاری گشتی کراوە.

ئەم پشکنینە ئەمڕۆ چوارشەممە، لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەش لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی، قایمقامیەت، ئاسایش و سەندیکاکانی کوردستانەوە، بە سەرپەرشتی تەندروستی هەڵەبجە و چاودێری نوێنەری داواکاری گشتی ئەنجام دراوە.

بەپێی راگەیەنراوەکەی تەندروستی هەڵەبجە، هۆکاری ئەم بڕیارانە دۆزینەوەی ماددە و کەرەستەی تاقیگەیی بەسەرچوو و نەبوونی مۆڵەتی یاسایی لە هەندێک تاقیگە بووە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە جەختی لە بەردەوامیی چاودێری و پشکنینی تاقیگەکان کردووەتەوە و ئامانجی ئەم هەنگاوانەشی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی تەندروستیی ستاندارد و سەلامەت داناوە.