پێشتر 100 مێگاوات کارەبای دابین دەکرد
%75ـی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی گەرمیان کەمی کردووە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەرهەمی وێستگەی کارەبای گەرمیان 75% کەمی کردووە، هۆکارەکەی وەستانی کێڵگەی نەوتی حەسیرەیە لە بەرهەمهێنانی نەوت، کە سووتەمەنیی وێستگەکەی دابین دەکرد.
وێستگەکە لە ناحیەی سەرقەڵای سەر بە قەزای کفرییە، بەرهەمی رۆژانەی کارەباکەی 100 مێگاوات بووە و چەند رۆژێکە 25 مێگاوات بەرهەم دەهێنێت.
ماوەی سێ رۆژە بەرھەمھێنان و هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەی نەوتی حەسیرە، بە ھۆکاری وەستاندنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە راگیراوە.
حازم کەریم، بەڕێوەبەری کارەبای گەرمیان بۆ تۆڕی 964ـی ئاشكرا کرد، گەرمیان 4.7%ـی کارەبای بەرهەمهێندراوی کوردستانی بەردەکەوێت و ئەو کەمبوونەوەیەش 10 تا 15 خولەک لەو کارەبای نیشتمانییە کەم دەکاتەوە، کە دەدرێتە هاوڵاتیان.
دەشڵێت؛ ئەگەر بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی حەسیرە دەستپێنەکاتەوە بەرهەمهێنانی کارەبای وێستگەکە دەبێتە سفر.
ئیدارەی گەرمیان پێویستی بە نزیکەی 250 مێگاوات کارەبای رۆژانە هەیە و 165 مێگاواتی پێدەدرێت.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد