سه‌رۆكوه‌زیران فه‌رمانی دا

عێراق سیستمی پێشكه‌وتووی به‌رگری ده‌كڕێت

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاند، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان عه‌لی زه‌یدی، داوای له‌ وه‌زیری دارایی كرد پاره‌ی پێویست بۆ كڕینی سیستمی پێشكه‌وتووی به‌رگری دابین بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری عێراق بپارێزرێت.

حه‌یده‌ر عه‌بودی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18.11.2026 به‌ میدیای فه‌رمیی عێراقی وت، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، عەلی زەیدی، وەزارەتی دارایی ئاڕاستە كرد به‌ تەرخانکردنی دارایی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی سیستمی پێشكه‌وتووی به‌رگری، ئەم جۆرە بەرگرییەی توانای بەرپەرچدانەوەی ئاستی پەرەسەندنی هەڕەشەکانی هه‌بێت، کە لەسەر ئاستی جیهاندا هه‌ن، بەمەش پاراستنی ژینگەی ئابووری عێراق و دەستەبەرکردنی ژێرخانی گرنگی پەیوەست بە ئابووری وڵاتەکە مسۆگەر دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، “حکومەتی عێراق لە سەرەتاوە پێویستی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکان و هێزە چەکدارەکانی بۆ ئه‌م سیستمه‌ زانیوه،‌ بۆ زیاتر پاڵپشتی لە بواری بەرگری ئاسمانیدا، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشکەوتنانەی لە بواری تەکنەلۆژیا بەکارهێنراون لە ململانێکانی ناوچەیی و جیهانیدا.

عه‌بودی وتی، چیتر گونجاو نییە چارەسەری شەڕ و ئامرازەکانی بکرێت بە بەکارهێنانی هەمان ئەو تەکنەلۆژیایانەی کە 20 ساڵ لەمەوبەر بەکارهێنراون.

هه‌روه‌ها روونیکردەوە کە “جەنگی مۆدێرن ئێستا پشت بە شێوازی تێکەڵ و ئاڵۆز دەبەستێت، کە تەکنەلۆژیا و ئامراز و تاکتیکی بێ وێنە بەکاردەهێنێت”.

وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق ده‌ڵێت، “کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، بەردەوام باس لە دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی و دەستەبەرکردنی پێداویستییە داراییەکانیان دەکەن، بەپێی خشتەی کاتی و ڕێکارێکی دیاریکراو”.

حكومه‌تی عێراق ده‌یه‌وێت سیستمی به‌رگری بۆ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی و هه‌روه‌ها ژێرخانی نه‌وت و غازی وڵات دابین بكات، كه‌ سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می دابینكردنی داهاتن، به‌ڵام دیار نییه‌ ئه‌م سیستمه‌ بۆ كێڵگه‌ و بیره‌نه‌وته‌كانی كوردستان دابین ده‌كرێت یان نا.