زیانلێكه‌وتووان قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌

داوای لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌سڕه‌ ده‌كرێت

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای تەقینەوەکەی وێستگەی کارەبای هاريسه‌، داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌په‌له‌ ده‌كات.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق عەلی زەیدی،  ئه‌مڕۆ شەممه‌ بڵاویكرده‌وه‌، زه‌یدی داوای لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە ده‌كات بۆ دیاریکردنی هۆكار و بارودۆخی تەقینەوەکەی وێستگەی کارەبای هاریسه‌ له‌ بەسڕە و دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی و دیاریكردنی به‌رپرسایه‌تییه‌كه‌ی.

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، وەزارەتى تەندروستى و پارێزگارى بەسرەى راسپارد کە سەرجەم سەرچاوە پزیشکییەکان و هەوڵەکانى بەردەست کۆبکەنەوە بۆ دابینکردنى چاودێریى پێویست بۆ بریندارەکان، هەروەها چاودێری تەندروستییان بکەن تا چاکبوونەوەى تەواویان.

به‌پێی راگه‌یاندراوه‌كه‌، عه‌لی زه‌یدی دووپاتی کردەوە، کەسوکاری قوربانیان و بریندارەکان قەرەبوو دەکرێنەوە، هەروەها هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگیرێتەبەر بۆ زامنکردنی مافەکانیان، هه‌روه‌ها خێزانە زیانلێکەوتووەکان دەخرێنە دەستپێشخەریی “نیشتمان” و هه‌ڵمه‌تی دابه‌شكردنی یەک ملیۆن پارچە زه‌ویی نیشتەجێبوون ده‌یانگرێته‌وه‌.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ قه‌زای هاریسه‌ی سه‌ر به‌ شاری به‌سڕه‌ی باشووری عێراق، بۆریی غازی وێستگه‌ی كاره‌بای قه‌زاكه‌ ته‌قییه‌وه‌ و به‌پێی دوایین ئامار، دوو كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 46 كه‌سی دیكه‌ش بریندارن، ئاماری دیكه‌ش هه‌ن باس له‌ گیانله‌ده‌ستدانی چوار كه‌س ده‌كه‌ن.