زەیدى چى دەکا؟
بەخێربێن بۆ جورف سەخر؛ نهێنییەکانى پشت تاڵانییەکەى نەوت
وریا فەتاح
تەنیا 60 کیلۆمەتر لە خوارووی بەغداوە، شارۆچکەیەک هەیە کە 12 ساڵە هیچ بەرپرسێکی حکومەت نەیتوانیوە بەبێ مۆڵەت پێی تێبخات.شوێنێک لەسەر نەخشە بەشێکە لە عێراق، بەڵام لە واقیعدا بووەتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ناو دەوڵەتدا.
جورف سەخر کەوتووەتە سەر سنووری نێوان سێ پارێزگای زۆر هەستیار( بابل، ئەنبار و کەربەلا). ئەم ناوچەیە پڕە لە باخی خورما، رێک دەروازەی باکووری شاری کەربەلایە.
لە دوای ساڵی 2003ـوە، بەهۆی جموجۆڵی قاعیدە و گرووپە توندڕەوەکانەوە، ناویان نابوو “سێگۆشەی مەرگ”.، بەڵام ئازارە گەورەکە لە 2014ـدا دەستیپێکرد، کاتێک داعش داگیری کرد و کردیە ناوەندی دروستکردن و ناردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بۆ بەغدا و کەربەلا.
لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنێکی خوێناویدا بە ناوی “عاشوورا”، داعشیان وەدەرنا و ناوەکەشیان گۆڕی بۆ “جورف ئەلنەسر”.
دوای دەرکردنی داعش، دەرگای جورف سەخر بە رووی زیاتر لە 83 هەزار خەڵکی رەسەنی ناوچەکەدا داخرا، 12 ساڵ تێپەڕی و ئەو خەڵکە لە کەمپەکاندا مانەوە و رێگەیان پێنەدرا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
لە جیاتی خەڵکەکە، گرووپی چەکداری “کەتائیبی حزبوڵا” تەواوی ناوچەکەی کردە سەربازگەیەکی نهێنی و داخراو. بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان، ئەوێ بووەتە کارگەی دروستکردنی مووشەک و درۆن، هەر ئەوەش وایکرد چەندین جار لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردومان بکرێت.
بەڵام ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئاشکرابوو، هەموو هاوکێشەکانی سەرەوژێر کردەوە. راپۆرتێکی نهێنیی هەواڵگری پەردەی لەسەر ئابڕووچوونێکی گەورە هەڵدایەوە، لە قووڵایی جورف سەخرەوە، ساڵانە بە بەهای نزیکەی دوو ملیار دۆلار نەوتی عێراق دزراوە و بەقاچاخ براوە.
کاتێک ئەم نهێنییە تەقییەوە، عەلى زەیدى توڕە بوو و بڕیارە قورسەکەی دا، نۆ بەرپرسی باڵای لەسەر کار لادا و مۆڵەتی کۆتایی بە کەتائیبی حزبوڵا دا کە جورف سەخر چۆڵ بکەن و رادەستی سوپای بکەنەوە.
ئێستا پرسى جورف سەخر لەسەر مێزى لایەنەکانە و پڕە لە ناکۆکى و توڕەیى، ئەوەتا شەوى رابردوو لە کۆبوونەوەى چوارچێوەى هەماهەنگى، گرژى و توڕەبوون روویدا، به گوێرهی سهرچاوهیهكی ئاگادار بۆ 964، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆیان له بارهی، بارودۆخی ئهمنی و پێشهاتهكانی دۆسیهی جورف سهخهڕ كردووه، بەڵام کۆبوونهوهكه بهبێ ئهنجام بووه و جۆرێک له گرژی و دهمهقاڵی له كۆبوونهوهكه دروست بووه و تەنانەت زەیدى بە توڕەیى کۆبوونەوەکەى جێهێشتووە.