وێنەی یەکێک لە کێڵگە غازیەکانی عێراق وێنە: وەزارەتی نەوتی عێراق
هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق
ناردنی نەوت و غاز لە بەغداوە بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت
کوردستان جەلال
بەغدا دەڵێت لە ناردنی نەوت و غاز بۆ هەرێم نەوەستاوین و بەردەوامین.
کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، رەتیکردەوە ناردنی غازی شل و نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان راگیرابێت.
کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو نووسراوەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە و باس لە راگرتنی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دەکات، بە هیچ شێوەیەک غازی شل و نەوتی سپی ناگرێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پشکی ئەو کارگە و کۆمپانیا پیشەسازییانەی کە بڕیاری راگرتنی کاتییان لەسەرە، دوای پێشکەشکردنی پشتگیرییەک لە وەزارەتی پیشەسازی/ فەرمانگەی گەشەپێدانی پیشەسازییەوە خەرج دەکرێتەوە بە مەرجێک پشتگیرییەکە دروستیی مۆڵەتی دامەزراندن، رەزامەندییە یاساییەکان، بەردەوامیی کارکردنی کارگەکە و بەکارهێنانی فعلیی بەرهەمە نەوتییەکە وەک کەرەستەی خاو لە رێگەی بەراوردکردنی بڕی بەرهەمهێنانی کارگەکەوە بسەلمێنێت.
کۆمپانیاکە جەختیشی لە پەرۆشیی وەزارەتی نەوت کردووەتەوە بۆ دەستەبەرکردنی مافی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق.