دیمەنێکی بارانبارین لە یەکێک لە شەقامەکانی کوردستان - وێنە: ئەرشیفی 964
سبەی پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە
ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەک باران دەبارێت
ژێوار خدر
ئەمڕۆ هەینی، لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و ئیدارەکانی سۆران و راپەڕین بە پچڕپچڕی باران دەبارێت و لە شەودا کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت، سبەینێش پلەکانی گەرما یەک تا دوو پلە بەرزدەبنەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ هەینی 20.11.2026، ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور و هەوری تەواودا دەبێت، نمە باران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی لە سنووری دهۆک، هەولێر، سۆران و راپەڕین دەبارێت و لە شەودا کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت، پلەکانی گەرماش لە تۆمارەکانی دوێنێ نزیک دەبنەوە.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی شەممە، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، ئاسمان بە گشتی نیمچەهەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووریش ئەگەری کەمێک بارانبارین هەیە و پلەکانی گەرماش بە نزیکی 1 تا 2 پلە بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ بەرزتر دەبن.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر: 21 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 19 پلەی سیلیزی
دهۆک: 19 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 28 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 20 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 21 پلەی سیلیزی
پیرمام: 16 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 10 پلەی سیلیزی