سندوقێک بۆ کۆکردنەوەی داهاتی سزای مادە هۆشبەرەکان دادەمەزرێت
964+
فەرمان سادق
دوای سێ ساڵ لە دەرچوواندنی یاساکەی، وەزارەتی دارایی سندوقی کۆکردنەوەی داهاتی سزای مادە هۆشبەرەکانی راگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29.3.2023، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایی دارایی ژمارە (2)ـی بڵاوکردەوە کە لە رۆژی 20ـی ئەم مانگە لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە.
بەپێی رێنماییەکە بێت، سندوقێک بۆ کۆکردنەوەی داهاتی سزای مادە هۆشبەرەکان لە کوردستان دادەمەزرێت، ئەویش بە پشتبەستن بە مادەی (45)ـی یاسای ژمارە (1)ـی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکانی ساڵی 2020.
بەپێی مادەکە بێت ئەو سزاو پێبژاردنانەی لە یاساکەدا هاتووە لەسەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو سندوقە سپاردە دەکرێت، هەر بەپێی یاسایەکەش تەنیا بۆ ئەو دامەزراوە تەندروستیانە خەرج دەکرێت کە لەمادەی 38 یاساکەدا هاتووە.