"دوای گردبوونەوەی ناڕەزایی"
600 خێزانی خورماتوو بەشە نەوتیان بۆ گەڕێندرایەوە
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
کێشەی ئەو خێزانانەی خورماتوو چارەسەرکرا کە لە سیستمی بەشە نەوتی ساڵانەدا بێبەش کرابوون کە بەهۆیەوە بەیانی ئەمڕۆ بەشێکیان گردبونەوەی ناڕەزایان ئەنجامدابوو.
یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە964ـی وت، “دەستبەجێ دوای ئاگاداربوونمان لە کێشەی ئەو 600 خێزانە، لە رێگەی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی پارێزگای سەڵاحەدین، کێشەکەیانمان بۆ چارەسەر کردن.
وتیشی، کێشەی ئەو خێزانانە لەوەدا بوو کە بەهۆی کارتی نیشتمانی و شوێنی لەدایکبونیان لە شارەکانی وەک سلێمانی، هەولێر، کەلار، قادرکەرەم و ناوچەکانی تر، ناویان لە سیستەمەکەدا نەگەڕابوەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەمێک پێش ئێستا لە رێگەی ئەو ئەپڵیکەیشنەی کە بۆ وەرگرتنی بەشە نەوت دانراوە، کێشەی هاوڵاتیان چارەسەرکرا و ئەو خێزانانەی کە پێشتر مافی وەرگرتنیان لێ زەوت بوو، ئێستا ناوەکانیان چالاک بوەتەوە و دەتوانن بەشە نەوتی خۆیان وەربگرن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی