بەلەمێکی نەخشێنراو بە ئاڵای کوردستان لە بەریتانیا و ئەوروپا هەرای ناوەتەوە

964+

بڵند عەلی

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی بەلەمێکی کۆچبەران کە بە ئاڵای کوردستان نەخشێنراوە، دەنگدانەوەی بەربڵاوی لە سۆشیال میدیای ئەوروپادا لێکەوتووەتەوە،  بەپێی زانیارییەکان، ئەم بەلەمە لە بەلجیکاوە بەرەو بەریتانیا بەرێکەوتووە، بەمەش بەشێک لە سیاسییەکانی بەریتانیا رەخنەی توند ئاراستەی دەسەڵاتدارانی بەلجیکا دەکەن و تۆمەتباریان دەکەن بەوەی وەک فەرەنسا سنوورەکان ناپارێزن و ڕێگری لە پرۆسەی پەڕینەوەی کۆچبەران ناکەن.

دیمەنی ئەم بەلەمە مقۆمقۆ و گفتوگۆیەکی زۆری لەناو بازنە سیاسی و جەماوەرییەکانی بەریتانیادا دروستکردووە، لەکاتێکدا تاوەکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی یان بەڵگەیەکی پشتڕاستکراوە نییە سەلماندبێتی کە بەلەمەکە بەڕاستی لەلایەن کوردەوە خاوەندارێتی دەکرێت یان سەرنشینەکانی کوردن، ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لەسەر رەوشی پەنابەڕان بەردەوامن و چەندین جار رووبەڕووی هێرش و گوشار بوونەتەوە.

لە لایەکی ترەوە، بابەتەکە بووەتە هۆی دروستبوونی دوو ئاراستەی دژ بەیەک لە قسەوباسی سیاسییەکاندا؛ نایجڵ فەرەج، سیاسی دیاری بەریتانیا، بابەتەکەی بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بەکارهێناوە و داوای وەدەرنانی بەپەلەی هەموو پەنابەران دەکات، لە بەرامبەردا، ئاندی بێرنهام لە کۆنفرانسی ساڵانەی پارتەکەیدا سوپاسی پەنابەڕانی کرد بۆ رۆڵیان لە بەرەوپێشبردنی وڵاتدا و جەختی لەوە کردەوە کە بەشێکی زۆری ئەم کۆچبەرانە لەبەر جەنگ و مەترسییەکانی وڵاتی خۆیان ناچار بوون هانا بۆ وڵاتی دووەم ببەن.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح