داواى کەپر دەکەن

“فێستیڤاڵى هەنار یەعنى شاژنى کەلانە”؛ داواى کەپر دەکات


ئەمەل ناجى

لە کاتێکدا هەڵەبجە خۆی بۆ گەورەترین بۆنەی ساڵانەی ئامادە دەکات، بەڵام. ئەمڕۆ بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک، بەشێک لە کاسبکارانی هەڵەبجە چوونە سەر شەقامەکان و بەدوای شوێنێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی لە فێستیڤاڵی هەناردا بژێویی خۆیانی تێدا پەیدا بکەن.
هۆکاری ئەم بێزارییەی کاسبکاران دەگەڕێتەوە بۆ تیروپشکی وەرگرتنی کەپرەکانی فێستیڤاڵەکە. ئەم کاسبکارانە ناویان لە تیروپشکەکەدا دەرنەچووە، بەڵام کێشەکە تەنیا بەختی ئەمساڵیان نییە، ئەوان بە گومانەوە لە پرۆسەکە دەڕوانن و دەڵێن، جێگەی پرسیارە کە پار و پێراریش هەر هەمان ئەم کەسانە ناویان بۆ بەشداریکردن دەرنەچووبوو، بۆیە هەست بەوە دەکەن کە پەراوێز خراون.
رەنگین ئەڵڵاکەرەم کە بە شاژنى کەلانە ناسراوە و یەکێک لەو کاسبکارانەیە کە کەپرى بەرنەکەتوووە، بە 964ـى وت،”فێستیڤاڵى هەنار بەبێ شاژنى کەلانە نابێت، بۆیە دەبێت کەپرمان بۆ دابین بکەن”.

وەک چارەسەرێک بۆ قەیرانەکە و بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لەم دەرفەتە ساڵانەیە، شاژنی کەلانە پێشنیازێکی سادە دەخاتە روو و داوا دەکات لایەنی کەم کەپریان بۆ دابین بکرێت، تەنانەت ئەگەر ناچاریش بن “دوو کاسبکار پێکەوە لە یەک کەپردا” کار بکەن، تەنیا بۆ ئەوەی لەم بۆنەیەدا بەشدار بن.
بڕیارە 12هەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە، کە ساڵانە هەزاران گەشتیار رادەکێشێت، لە ناوەڕاست یان کۆتایی ئەم مانگەدا دەرگاکانی بەڕووی میوانەکانیدا بکاتەوە.

پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح