سلێمانى

بەدواداچوونەکەى 964 ئیشى خۆى کرد؛ کێشەى مەنهۆڵەکانى چوارباخ چارەسەر کران


ئەحمەد محەمەد- سلێمانى

تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوەی  964 کێشەی دیارنەمانى سەری مەنهۆڵەکان و گیرانی ئاوەڕۆکانی لە گەڕەکی چوارباخی شاری سلێمانی خستەڕوو، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدەم کێشەکەوە هاتن و مەترسیی دروستبوونی لافاویان لە گەڕەکەکە دوورخستەوە.
کێشەکە ئەوە بوو، بەهۆی دزرانی سەری مەنهۆڵەکانی گەڕەکی چوارباخ، هاووڵاتییان بۆ پاراستنی سەلامەتیی شۆفێران و رێگریکردن لە تەقینی تایەی ئۆتۆمبێلەکان، ناچار بوون چاڵەکان بە تایەی کۆن، بەرد، بلۆک و قوڕ و لیتە پڕ بکەنەوە. ئەمەش وایکردبوو رێڕەوی ئاوەڕۆکان بەتەواوی بگیرێن و خەڵکی گەڕەکەکە ترسیان لێ بنیشێت کە لەگەڵ یەکەم شەپۆلی بارانباریندا ماڵ و حاڵیان ئاوی تێبچێت.

ئەمڕۆ بەشی ئاوەڕۆی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، ستافێکی تەواوى بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە رەوانەی شوێنەکە کرد.
تیمەکانی شارەوانی سەرەتا سەرجەم ئەو تایە و قوڕ و لیتەیەیان لەناو ئاوەڕۆکان دەرهێنا و بەتەواوی پاکیان کردنەوە، دواتریش سەری مەنهۆڵی تازە و قایمیان بۆ سەرجەمیان دانا.
بەدواداچوونەکەی 964  خێرى بۆ گەڕەکى شارەوانیش هەبوو، چونکە لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی چوارباخ، تیمەکەی شارەوانی چوونە گەڕەکی شارەوانیش و سەرجەم ئاوەڕۆکانی ئەوێشیان پاککردەوە و سەری مەنهۆڵی نوێیان بۆ دانان.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح