"لە سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکان"
موقتەدا سەدر داوای خۆپیشاندان دژی قەدەغەکردنی باڵاپۆشی دەکات
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر،داوای بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان دەکات لە سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکانی عێراق لەدژی قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لە ئازەربایجان.
ئەم داوایەی موقتەدا سەدر دوای ئەوە دێت ئازەربایجان، کە دانیشتوانەکەی زۆرینە موسڵمانن، یاسایەکی نوێی پەسەندکرد بۆ رێکخستنەوەی جلوبەرگی قوتابخانەکان و پەبێی یاساکە هەر جلوبەرگێک لەگەڵ دەستووری عەلمانی وڵاتدا یەکنەگرێتەوە قەدەغەیە، بۆیە هەفتەی رابردوو ئەو قوتابی و مامۆستایانەی باڵاپۆش بوون رێگەیان پێنەدرا بچنە قوتابخانەکان.
موقتەدا سەدر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسراوێکی بڵاوکردووەتەوە و بەبێ ناوهێنانی ئازەربایجان دەڵێت، “لە بەرژەوەندی ئایینی و مرۆییەوەیە کە پێم باشە خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە قوتابخانە و زانکۆکانی عێراق دژی قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لە هەندێک وڵاتاندا ساز بکرێت.”
سەدر کاتی خۆپیشاندانەکی بۆ رۆژی پێنجشەممە دیاریکردووە و دەڵێت: پێویستە هێمنانە بەڕێوە بچێت و بۆ چەند خولەکێک بێت بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی پەککەوتنی خوێندنی قوتابیان و خوێندکاران، هەڵکردنی هەر ئاڵایەکیش جگە لە ئاڵای عێراق قەدەغەیە.