لە کەرکوکەوە بۆ ئەمریکا

سەرۆک مارشال؛ چیرۆکی ئەفسەرێکی بوێری کورد

964+

کاروان ساڵحى- کەرکوک

لە شەقامەکانی کەرکوکەوە تا دەگاتە ویلایەتی جۆرجیا لە ئەمریکا، چیرۆکی گەنجێکی کورد دەیسەلمێنێت کە لێهاتوویی و ئازایەتی سنووری جوگرافیا ناناسێت. محەمەد ساڵەیى، ئەو گەنجە کەرکوکییەیە کە ئێستا لە لوتکەی پۆستێکی ئەمنیی ئەمریکادایە و بووەتە “سەرۆک مارشاڵ” لە شاری مانچێستەر.

محەمەد ساڵەیى، کە بە رەچەڵەک کوردە و سەر بە هۆزی ساڵەییە لە شاری کەرکوک، لەم ڤیدیۆیەدا بۆ 964 دەدوێت و چیرۆکی گەیشتنی بەو پلە باڵایە دەگێڕێتەوە. پۆستی سەرۆک مارشاڵ (Chief Marshal) لە سیستەمی ئەمنیی ئەمریکادا، هاوتا و بە واتای بەڕێوەبەری بنکەیەکی پۆلیس دێت.

گەیشتنی ساڵەیى بەم پۆستە هەڕەمەکی نەبووە، بەڵکو بەرهەمی ساڵانێک خزمەت، لێهاتوویی و پابەندبوونی تەواوە بە ئەرکە پیشەییەکانیەوە کە وایکردووە هەنگاو بە هەنگاو پلەکانی سەرکەوتن ببڕێت.

ئەوەی ناوی ئەم ئەفسەرە کوردەی زیاتر خستە ناو میدیاکانی ئەمریکاوە، رووداوێکی کتوپڕی ساڵی 2023 بوو. لە شەوێکی ئاساییدا کە ساڵحی خەریکی راپەڕاندنی ئەرکەکانی بوو، ئاگرێکی گەورە لە ماڵێک دەکەوێتەوە. بێ باک لە مەترسییەکانی سەر ژیانی، دەچێتە ناو ماڵە ئاگرگرتووەکەوە و بە ئازایەتییەکی بێوێنە ژیانی ژنێک لە مردنێکی حەتمی رزگار دەکات.

ئەم کارە قارەمانانەیە وایکرد دەسەڵاتدارانی ویلایەتەکە “مەدالیای بوێری” ببەخشنە ساڵحی و وەک پاڵەوانێک رێزی لێبگرن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح