دۆناڵد ترەمپ:

“رەنگە داوا لە تورکیا بکەم بەشداری هێرشی سەر حوسییەکان بکات”

کاکەلاو عەبدوڵا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رەنگە داوا لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بکات بەشداری لە هێرشەکان بۆ سەر حوسییەکان بکات.

ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنوسێکدا کە ئاخۆ داوا لە تورکیا دەکات بەشداری لە وەڵامدانەوەی یەمەن بۆ سەر حوسییەکان بکات، وتی، “ئەردۆغان هاوڕێیەکی نزیکمە و رەنگە داوای لێبکەم، هەرچییەک داوا بکەم سەرۆک ئەردۆغان بۆم دەکات”.

پێشتریش ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایتی تروس سۆشیاڵ لەبارەی حوسییەکان نووسیبووی، “حوسییەکان بە خراپی مامەڵە دەکەن، پێموابوو وانەیان لە ساڵی رابردوو وەرگرتووە کە بۆردومانمان کردن و لەسەر داوای خۆیان وەستاین، بەڵام ئێستا سەریانهەڵداوەتەوە و رەنگە ئێران داوای لێکردبێتن”.

قسەکانی ترەمپ لەکاتێکدایە کە مانگی ئابی ئەمساڵ هەریەکە لە تورکیا، سعودیە و پاکستان رێککەوتنی  هاوبەشی بەرگریی مەککە، کە بە هاوپەیمانی مەککە ناسراوە، واژۆکرد و لە رێککەوتنەکەدا هاتووە کە هێرشکردنە سەر هەر کام لەو وڵاتانە وەک هێرشکردنەسەر هەر سێ وڵاتەکە لێکدەدرێتەوە.

لە مانگی رابردووەوە شەڕوپێکدادان لە نێوان حوسییەکان و حکومەتی یەمەن، کە سعودیە پشتگیری دارایی و سەربازیی دەکات، زیادیکردووە  دوای ئەوەی سعودیە دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر حوسییەکان وەک هەوڵێک بۆ پاشەکشەکردن بە گروپەکە لەکاتێکدا لە گرتنی گەرووی بابولمەندەب نزیک دەبوونەوە.

هەر ئەمڕۆ سعودیە سەنعای پایتەختی حوسییەکانی بۆردومانکرد لە تۆڵەی ئەو هێرشانەی حوسییەکان ماوەیەکە دەیکەنەسەر فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکە و دیارترینیان هێرشەکەی رۆژی شەممەی رابردوو بوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی شا خالید لە ریاز کە تێیدا 13 کەس کوژران.