فڕۆکەیەکى هێڵى ئاسمانى سعودیە
عەلى زەیدى رایگەیاند
بە ئۆکەى ترەمپ؛ رۆژانە 40 گەشتى فڕۆکەوانى لە نێوان ئێران و نەجەف ئەنجام دەدرێت
964+
وریا فەتاح
حکومەتی عێراق رێککەوتنێکی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لێخۆشبوونی بۆ ئەو مەبەستە دەرکرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، دوای چەندین پەیوەندی و بەدواداچوون، رێککەوتن کراوە کە رۆژانە رێگە بە ئەنجامدانی 40 گەشتی ئاسمانی بدرێت لە نێوان ئێران و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بڕیارەکە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران دەگرێتەوە، جگە لە کۆمپانیای (ماهان ئێر – Mahan Air) کە لەم بڕیارە بێبەش کراوە و ناتوانێت گەشتەکانی بۆ عێراق دەستپێبکاتەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە وەڵامدانەوەی ئەرێنیی حکومەتی ئەمریکا کردووە بۆ پێدانی ئەو لێخۆشبوونە (استثناء)، و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانج لەم هەنگاوە ئاسانکارییە بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و زیارەتکاران، بەتایبەتی ئەو کەسانەی بە مەبەستی گەشتیاریی ئایینی، چارەسەری پزیشکی و خوێندن سەردان دەکەن.
لە 23ـى مانگى رابردووەوە ، بەهۆى بڕیارێکى ئەمریکاوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانى فڕۆکەخانەکانى عێراق بۆ ئێران راگیران، هەرچەندە تا 25ـى ئەیلول لە فڕۆکەخانەى نەجەفەوە گەشتەکان ئەنجام دەدڕان، بەڵام لەمڕۆژەوە گەشتەکان لەو فڕۆکەخانەیەشەوە وەستان.