"حەسەکە و حەلەب دوو پارێزگای کوردین"
لە دیمەشقەوە تا دەستوور؛ مەزڵوم عەبدی باسی داهاتووی کورد لە سوریا دەکات
ئەحمەد مستەفا
مەزڵوم عەبدی، راوێژکاری سەرۆکایەتیی سوریا، لە دیداری مێری رایگەیاند، بۆ بەدامەزراوەی کردن، پێویست بوو ئەو جۆرە جیاوازانەی حکومەت لە سوریا ببن بەیەک، لەبارەی جوگرافیای کوردنشین وتی، دوو پارێزگای کوردیمان هەیە، ئەوانیش حەسەکە و حەلەبن
ئەو لە گفتوگۆیەک لە دیداری دووەم رۆژی مێری، کە دکتۆر دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتۆی مێری لەگەڵی ئەنجامیدا، بە گشتی باسی لە داهاتووی هەسەدە، مافی کورد و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی سوریا کرد.
عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە بۆ دامەزراوەییکردنی دەوڵەت، پێویستە جۆراوجۆرییەکانی سوریا لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا یەک بگرنەوە، هەروەها رایگەیاند، کە هێزەکانی هەسەدە بە ناسنامەی کوردیی خۆیانەوە دەبنە بەشێک لە سوپای سووریا.
لەبارەی مافەکانی کوردەوە، ئاماژەی بە کێشەکانی عەفرین و کۆبانێ کرد و وتی، دەبێت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی چارەسەر بکرێن. ئەوەشی خستەڕوو کە کێشەی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان هێشتا بە تەواوی چارەسەر نەکراوە، هەرچەندە نیوەی پڕۆگرامی خوێندن بە کوردییە.
عەبدی وتی بوونیان لە دیمەشق بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیانە و چاویان لەوەیە رێککەوتنەکانیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە دەستووری هەمیشەیی سوریا جێگیر بکرێن.
هەروەها، گرنگیی یەکدەنگیی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستانی خستەڕوو و سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاڵپشتیی دیپلۆماسی و مرۆیی. عەبدی ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشەکانی درۆنی خۆکوژی تورکیا لە ئاسمانی رۆژئاوای کوردستان وەستاون.