"پابەندنەبوون سزای لەدوایە"

بۆ بریکارەکانی خۆراک لە سلێمانی: دواین مۆڵەت بۆ دانەوەی پارە 18ی مانگە

ئەحمەد مستەفا

بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی کەلوپەلی خۆراکی سلێمانی رایگەیاند، بریکارەکانی خۆراک دەبێت لە رۆژی 14ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە، پارەی سەبەتەی خۆراک بدەن، کە دوا مۆڵەتی بۆ دانراوە 18ی هەمان مانگ بێت.

بەپێی نووسراوێک کە واژۆی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکەی لەسەرە، داوا لە بریکارەکان کراوە لە ماوەی دیاریکراودا سەردانی بانکی “جنوبی ئیسلامی” بکەن و پارەی سەبەتەی خۆراک بۆ مانگی تشرینی یەکەم بدەن.

لە نوسراوەکەدا هاتووە کە پارەدان بە شێوەی کاش ئەنجام دەدرێت و پێویستە بریکارەکان کارتی بانکی و کارتی نیشتمانییان لەگەڵدا بێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداری داوە کە بریکارانی پابەندنەبوو بە کاتی دیاریکراو، بەپێی رێنماییەکانی پەیوەندیدار و بڕیاری بەغدا، روبەڕووی غەرامە و سزا دەبنەوە.

ئەم ڕێکارە لە چوارچێوەی رێکخستنی پرۆسەی پارەدانی سەبەتەی خۆراک بۆ مانگی ناوبراودا جێبەجێ دەکرێت.