لە ماوەی پێنج ساڵدا

تۆمارکردنی 1697 تووشبووی نوێی شێرپەنجەی مەمک لە دهۆک

ئەحمەد مستەفا

هۆبەی شێرپەنجە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک، ئاماری نوێی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمکی لە پارێزگاکە بڵاوکردەوە، کە بەپێی ئەوە لە ساڵی 2021ەوە تا کۆتایی نۆ مانگی ساڵی 2026، کۆی 1697 تووشبووی نوێ تۆمار کراون.

بەپێی ئامارەکە، تەنیا لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 283 حاڵەتی نوێ تۆمار کراوە. هەروەها ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک لە ساڵی 2010دا 29 حاڵەتی نوێ بووە، بەڵام لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 320 حاڵەت.

لەبارەی تەمەنی تووشبووانەوە، زۆرترین ڕێژە بۆ گرووپی تەمەنی 40 تا 49 ساڵە، کە 28.4%ی حاڵەتەکان پێکدەهێنێت، پاشان گرووپی تەمەنی 50 تا 59 ساڵ بە ڕێژەی 24.3% دێت.

لە لایەکی دیکەوە، ئاماری گشتیی شێرپەنجە لە دهۆک نیشان دەدات کە لە نۆ مانگی یەکەمی 2026دا 1404 حاڵەتی نوێ تۆمار کراون.